موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، داوا لەلایەنگرانی دەکات بارەگاکانیان دابخەن و عیبادەت بکەن.
ئەمڕۆ شەممە، 3-2-2024، موقتەدا سەدر، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، داوا لە ئیمانداران دەکەم کە روو لە عیبادەت و نوێژ و ستایش و داوای لێبوردن بکەن، هەروەها واز لە دونیا و خۆشییەکانی بێنن.
رێبەری رەوتی سەدر لە بەیاننامەکەدا دەڵێت: داوا لە برایانمان دەکەم کە لە بزووتنەوەی سەدر دا کاردەکەن، جومگە و بارەگا مەدەنییەکانی بزووتنەوەکە دابخەن، جگە لە مەزارگە و مزگەوتەکان و قوتابخانەکان.
رۆژی 29ی ئابی 2022 رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، “دەستبەرداربوونی خۆم لەکاری سیاسی رادەگەیەنم”. ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای دەستبەرداربوونی لە کاری سیاسی، نەجەف هەردەم وەك مەرجەعی گەورە دەمێنێتەوە.
هەر لە میانی ئەم بڕیارەدا لەو کاتدا سەدر داوای کرد، زۆربەی دامودەزگایەکانی سەر بە رەوتەکەی دابخرێن.