سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆکی حکوومه‌ت ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر لێخۆشبوون لە خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش لە گشت پێشینە کشتوکاڵییەکان

ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆشبوون لە خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش لە گشت پێشینە کشتوکاڵییەکان.

لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە: لە چوارچێوەی گرنگیدانی زیاتری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەسوکاری شەهیدان و بە مەبەستی هاوکاری و کارئاسانی بۆ خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆشبوون لە خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش لە گشت پێشینە کشتوکاڵییەکان هاوشێوەی پێشینەکانی دیکە کە لە ئەستۆی خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش دایە.

بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە کە کاری پێویست ئەنجام بدات بە پاکتاوکردنی ئەم قەرزانە بە هەماهەنگی لەگەل وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە.