هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە بۆ هەولێر: لە رەوتە بەردەوامەکەی چاكسازیدا ١٥ كۆمپانیا دۆسیەیان ڕەوانەی دادگا كراوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ “هەولێر” رایدەگەیێنێت وەزارتەكەیان ٤٩ كۆمپانیای بەپێی یاسا ئاگادار كردووەتەوە كە پابەندی پێدانی لایەنی دارایی بن و لەو كۆمپانیایانە دۆسیەی پانزەیان ڕەوانەی دادگا كراون.

دیلان ڕەشاد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەێمی كوردستان، بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: ” لەكۆی ١٥ كەیس لە دادگادا، ٨ لەو كەیسانەی لەبەرژەوەندی وەزارەت تەواو بووە، وە نوێنەرە یاساییەكانمان بەردەوامن و كار لەسەر كەیسەكانی تریش دەكەن و نزیكەی ٦ملیار دینار بۆ خەزێنەی گشتی گەڕێنراوەتەوە، تەنها لەهەفتەی ڕابردودا، وەزارتی گواستنەوە و گەیاندن کەیسێكی یاسایی بردووەتەوە بە گوژمەی ٢ملیارو٣٠٠ملیۆن دینار كە دەبێت بەم زووانە بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە، ئاشكراشی كرد: ” ٣ كۆمپانیا هەڵوەشێنراوتەوە و كۆتایی بە گرێبەستەكانیان هاتووە بەهۆی پابەندنەبوونیان بە یاسا و ڕێنماییەكان و گڕێبەستەكانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بۆ دامەزراوەكانی حكوومەت پێداچوونەوەی پێدا كراوە و تێچووی كەم كراوەتەوە بۆ نزیک ٢ملیار دینار لە ساڵێكدا، توانای ئینتەرنێت زیاد كراوە بە ڕێژەی 40٪ و گەرەنتی كراوە كە تەواوی پڕۆژەكە لەلایەن حكوومەتەوە خاوەنداریەتی بكرێت دوای بەكۆتاهاتنی گرێبەستەكە.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەش دا “پێداچوونەوەی یاسایی بۆ دۆسیەی ٥١١٢ فەرمانبەر كراوە لە وەزارەت، دۆخی كارگێریان بەپێی یاسا و ڕێنماییەكانی چاكسازی رێک خراوەتەوە، دەرەنجام 50،748،750 دینار مانگانە بۆ خەزێنە گەڕێنڕاوەتەوە. ٢٢ گرێبەست لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر پێداچوونەوەی بۆ كراوە، ١٢ گرێبەست بەپێی یاسا بڕاوەتەوە، ١٠ گرێبەست هەمواركراوەتەوە، بەمەش قەبارەیەكی گەورەی دارایی بۆ خەزێنەی دەوڵەت گەڕاوەتەوە.
دیلان ڕەشاد، باسی لەوەش كرد، كە كۆمەڵێك چاكسازیی تریش لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتەكانی تر كاری لەسەر دەكرێت و كاری جددی و بەردەوامیان لەسەر دەكرێت. بەبێ پاڵپشتی بەردەوامی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ستافەكەی و هەماهەنگی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و هەموو ئەندامانی كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك یەك تیم، ئەو دەستكەوتانە نایەتەدی.