سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وەزارەتی پێشمەرگە پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی پێشمەرگەی راگەیاند

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی 70 و 80 و هێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بەگوێرەی خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی نەورۆز و ئەیلوولی ساڵەکانی 2020 تاوەکو 2023 راگەیاند.

رۆژی پێنجشەممە (1ـی شوباتی 2024) وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، دوای رەزامەندی بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی پلە بەرزکردنەوەی نەورۆز و ئەیلوولی ساڵەکانی 2020 و 2021 و خشتەی نەورۆزی 2022 ئەفسەرانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی (70، 80) و خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ئەیلولی  2022 و خشتەی نەورۆزی 2023ـی ئەفسەرانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە گەرایەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، ئەمڕۆ (1ـی شوباتی 2024) دوای بڕینی رێکارە یاساییەکان خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ئەیلوولی 2022 و نەورۆزی 2023 ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و خشتەی نەورۆز و ئەیلوولی هەردوو ساڵەکانی 2020 و 2021، لەگەڵ خشتەی نەورۆزی 2022 ئەفسەرانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی (70 و 80) ی پێشمەرگە و پاشکۆیی خشتەکانی نەورۆز و ئەیلوولی ساڵەکانی (2020، 2021 و نەورۆزی 2022) سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە، گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە و رێکارە کارگێرییەکانی بۆ دەگیرێتەبەر.

لەلایەن خۆیەوە، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە: ئەمە نۆیەمین خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە کە کارمان لەپێناو هەرچی زوو گەڕانەوەیان کردوە و هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی تەواوی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە رێچکەی یاسایی خۆی وەربگرێت، دڵنیاییدا کە کار بۆ تەواوکردنی خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت و بەپێی پێویست و لەکاتێکی گونجاودا، فەرمانی پلە بەرزکردنەوەیان بۆ دەردەچێت.