پسپۆرێکی بواری زانستی ئابووری عێراقی رەخنە لە پێشنیازو داواکارییەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەگرێت بۆ فرۆشتنی نەوت بە دراوێکی دیکە لە بری دۆلار، دەڵێت، سەدام حوسێن و معەممەر قەزافی ئەو بڕیارەیان تاقیکردەوە، بەڵام ئەنجام و چارەنووسەکەی کۆتایی خۆیان بوو.
نەبیل مەرسوومی پسپۆری ئابووری و مامۆستا لە زانکۆی بەسرە شیکارێکی زانستیانەی بۆ ئەم داواکارییەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کردووە، وێڕای رەخنەگرتن، هۆشداریی دەداتە بەرپرسانی عێراق و چارەنووسی هەر یەک لە سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق و معەممەر قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیا بەنموونە دەهێنێتەوە، کە بەهۆی هەڵوێستیان بەرانبەر بە ئەمەریکا و بڕیاری بایکۆتکردنی دۆلار بۆ فرۆشتنی نەوت، خۆیان بە چارەنووسێک گەیاند.
مەرسوومی ئاماژەیداوە، ساڵی 2000 حکومەتی عێراق بڕیاریدا مامەڵەکانی فرۆشتنی نەوت لە دۆلارەوە بۆ یورۆ بگۆڕێت، بەڵام چارەنووسێکی باشی بۆ حکومەتەکە نەهێناو سەرەنجام سەری رژێمەکەی سەدامی خواردو بەزەبری هێز کۆتایی پێهێنرا.
هەروەها لە ساڵی 2011، معەممەر قەزافی سەرۆکی پێشووی لیبیا سەرکەوتووبوو لە دروستکردنی دیناری زێڕ لە ئەفریقا، پشتیوانی وڵاتانیشی بەدەستهێنا، بەڵام ئەمەریکا کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنا و بەکوشتنیدا، بۆیە ئەمەریکا هیچ کات لە بەکارهێنانی هێز بۆ تێکشکاندنی هەر هەڕەشەیەک لە سەر دۆلار سڵ ناکاتەوە، چونکە ئەمەریکا لە مێژە پارێزگاری لە پەیوەندیی نەوت و دۆلار دەکات، ئەمەش بووەتە ئەولەویەت لە سیاسەتی ئەو وڵاتە.
نەبیل مەرسوومی دەربارەی مێژووی مامەڵەی نەوت بەرانبەر بەدۆلار نووسیویەتی، ساڵی 1973 شا فەیسەڵ شای سعوودیە دۆلاری وەک تاکە دراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەوت پەسەندکرد، بەرانبەر بەوەی ئەمەریکا پارێزگاری لە کێڵگە نەوتییەکانی سعوودیە بکات، دواتر لە ساڵی 1975 رێکخراوی ئۆپێک، دۆلاری بەتاکە دراوی مامەڵەکەکردنی نەوت جێگیرکرد لە بری زێڕ، ئەمەش جیا لەوەی دەستکەوتێکی گەورە بوو بۆ ئەمەریکا، تەواوی وڵاتانی هەناردە و هاوردەکار پابەندی مامەڵەی دۆلار کران.
هەروەها ئاماژەیداوە، داواکارییەکان بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق بە دراوێکی دیکە لە بری دۆلار کاردانەوەی توندی ئەمەریکا بەدوا دادێت، چونکە دەستبەرداربوونی دۆلار بۆ مامەڵەی نەوت لەلایەن ئەمەریکاوە هێڵی سوورە، لە کاتێکدا دۆلار رێژەی 60%ی دراوی جیهان پێکدەهێنێت.
رۆژی چوارشەممە (31ی کانوونی دووەمی 2024) لیژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق لە رایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی سزاکانی بەسەر بانکەکانی عێراق؛ بیانووی سپیکردنەوەی پارە بهكاردێنێت، ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێکی نیشتمانی هەیە تا کۆتایی بەم بڕیارە تاكلایهنه بهێنرێت.
هەروەها لیژنهی دارایی وەک هەڵوێست و دەربازبوون لە سزاکانی ئەمەریکا داوا له حكومهت و بانكی ناوهندی عێراق کرد، رێوشوێنی پهله بۆ كۆتاییهێنان به ههژموونی دۆلار بگرنەبەر و کار بۆ ههمهجۆركردنی دراوه بیانییهكان بێنن، لهوانه پێشنیاز دهكات فرۆشتنی نهوت بهدراوهكانی دیكه بێت نهك تهنیا دۆلار.