هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هەڵكوتانە سەر ماڵە كوردەكان لە كەركووك بەردەوامە

كارزان گلی – هه‌ولێر

هێزە سەپێنراوە ئەمنییەكانی كەركووك، بە بیانووی پشكنین هەڵدەكوتنە سەر ماڵە كوردەكان لە گەڕەكە كوردنشینەكانی كەركووك. بەرپرسێكیش ئاشكرای دەكات، دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، هەڵكوتانە سەر ماڵی كورد لە كەركووك زیادی كردووە و ئازاری خەڵكەكە دەدەن.

ترس و دڵەڕاوكێ لەلای خەڵكی شارەكە، بەتایبەت كوردەكان دروست بووە، چونكە هێزە سەپێنراوە ئەمنییەكانی كەركووک، بەبێ هۆكار دەچنە سەر ماڵە كوردەكان و بەشێوەیەك هەڵسوكەوت دەكەن، كە ئەو هەڵسوكەوتەیە كە لە سەردەمی بەعسدا هەبووە.
بەرپرسێكی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، نیگەرانی لقەكەیانی لەو رووداوە نەخوازراوە دەربڕی و دەڵێت، هێزە سەپێنراوە ئەمنییەكانی كەركووك، بەهانەی ئەوەیان هەیە كە بۆیە هەڵدەكوتنە سەر گەڕەكە كوردنشینەكان، گوایە بە دوای داواكراودا دەگەڕێن.
مەریوان جەلال، كارگێڕی لقی سێی پارتی لە كەركووك دەڵێت: ”ئێمەش لەگەڵ یاسایین و پێمان باشە ئەوەی لە یاسا لایدا دەستگیری بكەن، ئەوەی هێزە سەپێنراوە ئەمنییەكانی كەركووك دەیكەن، تەنیا لە گەڕەكە كوردنشینەكانە و لە گەڕەكە عەرەبنشینەكان پشكنین و هەڵكوتانە سەر ماڵان بوونی نییە“.
كەمال عەبدولڕەحمان، دانیشتووی گەڕەكی رزگاری كەركووكە، كە ئەو گەڕەكە كوردنشینە و دەڵێت، ئەوەندە بێزاریان كردووین، وامان لێ هاتووە شارەكە چۆڵ كەین.
ئەو دەڵێت: ”كاتێك هێزە سەپێنراوە ئەمنییەكانی كەركووك دێنە گەڕەكەكەمان، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و پشكنین دەكەن، وەكو سەردەمی حزبی بەعس، زۆریش بێشەرم و بێ ئەتەكێتن، چونكە هیچ حیسابێك بۆ خێزان ناكەن و خۆیان بە ماڵدا دەكەن. ئێمە هیچمان پێ ناكرێت و ناتوانین لە هیچ شوێنێك شكات بكەین، چونكە دەڵێن ئێمە بەدوای داواكراودا دەگەڕێین“.
بەگوێرەی گوتەی كەمال، شارەكە بۆ ئەوان هیچ خۆشییەكی نەماوە، چونكە هێزە سەپێنراوە ئەمنییەكانی كەركووك، زۆر بە سووكی سەیری كورد دەكەن و ئەوەی لە دەستیان بێت دەیكەن و سڵی لێناكەنەوە“.
بەگوێرەی یاسا، ئەگەر هەر هێزێكی ئەمنی سەر بە حكوومەت بچێتە سەر ماڵان، پێویست دەكات فەرمانی لە دادگاوە پێ بێت، بەڵام ئەو هێزانە بەبێ هیچ فەرمانێكی دادوەر هەڵدەكوتنە سەر ماڵە كوردییەكان و بە ئارەزووی خۆیان پشكنینی ماڵەكە دەكەن.
هاووڵاتییەكی گەڕەكی فەیلەقی كەركووك، بە ناوی شەهێن موراد، باس لەوە دەكات، ئەو هێزانەی دێنە سەر ماڵان هەمووی عەرەبن و جلی رەشیان لەبەردایە، كاتێكیش پشكنین دەكەن، وەكو سەردەمی بەعس پشكنین دەكەن و هیچ حیسابێك بۆ قودسییەتی ماڵ و خێزان ناكەن.
عەقید یوسف ساڵح، ئەفسەری پۆلیسی كەركووك، دان بەوەدا دەنێت كە ئەو هێزەی هەڵمەتی پشكنینی لە گەڕەكە كوردنشینەكان پێسپێرداوە، لیوای ٦١ی سەر بە حكوومەتی عێراقن و كەسیش هیچ لێپرسینەوەیەك لەو هێزە بكات.
ئەو باسی لەوەش كرد، كە هەر هێزێكی تر لەگەڵ ئەو هێزەدا بچێتە پشكنینی گەڕەكە كوردنشینەكان، ناتوانن هیچ بكەن و بۆیان نییە پشكنین بكەن، تەنیا هێزی لیوای ٦١ بۆی هەیە ئەو پشكنینە بكات.