هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

جێگره‌وه‌ی حه‌لبووسی سوێندی یاسایی خوارد

په‌رله‌مانی عێراق له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆدا پڕۆژه‌یاسایه‌كی په‌سند كرد و خوێندنه‌وه‌ی بۆ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌یاسای دیكه‌، هاوكات په‌رله‌مانتارێك له‌ شوێنی محه‌ممه‌د حه‌لبووسی سوێندی یاسایی خوارد، له‌ هه‌مان كاتدا دانیشتنه‌كه‌ بۆ ته‌واوكردنی بڕگه‌كانی دیكه‌ بۆ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ هه‌ڵگیرا.

په‌رله‌مانی عێراق له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 30ـی كانوونی دووه‌می 2024)ـدا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌یاسا كرد و هه‌ندێكیان په‌سند كرد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی په‌رله‌مان، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا پڕۆژه‌یاسای هاریكاری یاسایی په‌سند كرا، هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی شۆڕش ژماره‌ (20)ـی ساڵی 2003 و پڕۆژه‌یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ردوو بڕیاری ژماره‌ (175)ـی ساڵی 1994 و ژماره‌ (4)ـی ساڵی 2003 كرا.

هه‌روه‌ها له‌ دانیشتنه‌كه‌دا بورهان ناسر محه‌ممه‌د له‌ شوێنی محه‌ممه‌د حه‌لبووسی، په‌رله‌مانتاری پێشوو سوێندی یاسایی خوارد.

فه‌رمانگه‌ی راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی عێراق سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌، دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان بۆ ته‌واوكردنی بڕگه‌كانی دیكه‌ بۆ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 1ـی شوباتی 2024 هه‌ڵگیرا.

رۆژی (دووشه‌ممه‌ 29ـی كانوونی دووه‌می 2024) په‌رله‌مانی عێراق خشته‌ی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند‌، بڕگه‌ی یه‌كه‌می دانیشتنه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ده‌نگدان به‌ پڕۆژه‌یاسای هاریكاریی یاسایی كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ ئاماده‌كراوه‌.

هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌ی كار، بڕگه‌ی دووه‌می دانیشتنه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌نگدانی پڕۆژه‌یاسای په‌سندكردنی رێككه‌وتننامه‌ی نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی تونس سه‌باره‌ت به‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ئاسمانییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات.

بڕگه‌ی سێیه‌می دانیشتنه‌كه‌یش تایبه‌ت بوو به‌ په‌سندكردنی رێككه‌وتنی گواستنه‌وه‌ی ده‌ریایی له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی میسر.

له‌ بڕگه‌ی چواره‌مدا په‌رله‌مان پڕسیاری له‌ سه‌رۆكی تۆڕی راگه‌یاندنی عێراقی ده‌كرد.

هاوكات بڕگه‌ی پێنجه‌م په‌یوه‌ست بوو به‌ پڕۆژه‌یاسای هه‌مواری بیست و یه‌كه‌می یاسای موڵكایه‌تی ژماره‌ (35)ـی ساڵی 1960. دوای ئه‌ویش ده‌بوو له‌ بڕگه‌ی شه‌شه‌مدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بكریت بۆ پڕۆژه‌یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای به‌رگری شاریستانی.

بڕگه‌ی حه‌وته‌م و هه‌شته‌میش تایبه‌ت بوو به‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌سایای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شاردنه‌وه‌ی به‌زۆر و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی شۆڕش ژماره‌ (20)ـی ساڵی 2003 و دواتریش  له‌ بڕگه‌ی نۆیه‌مدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بكرێت بۆ پڕۆژه‌یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش ژماره‌ (175)ـی ساڵی 1994 و ژماره‌ (4)ـی ساڵی 2003.

هه‌ردوو بڕگه‌ی ده‌ و یازده‌ش تایبه‌ته‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای هه‌مواری یاسای مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان و خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای ده‌سته‌كانی ده‌ریاوانی باڵای عێراقی.