عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی-هەڵەبجە: پارتی هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە

عەلی حوسێن،بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی-هەڵەبجە، ڕایدەگەیەنێت :پارتی دوو ساڵە مەبەستیەتی هەڵبژاردن بکات، هەروەها پارتی نەبووەتە هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن.

دوێنێ، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی-هەڵەبجە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەرنامەمان هەیە لەگەڵ چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان کۆببینەوە، بەتایبەت کۆمەڵە و رێکخراوەکان، بۆئەوەی راوبۆچونییان لەبوارە جیاجیاکان وەرگرین، بەتایبەت لە سلێمانی و هەڵەبجە و دەڤەری راپەڕین.
گوتیشی: پارتی شاری سلێمانی بەگرنگ دەزانێت، بۆیە دەمانەوێت رۆڵمان هەبێت لە هاڵبژاردنی داهاتوو، تاوەکو بەشدار بین لە ئیدارەی خۆجێی ئەو شارە و خزمەتی چین و توێژەکانی ئەوشارە بکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەمووان دەزانن کە پارتی دوو ساڵە مەبەستیەتی هەڵبژاردن بکات، هەروەها پارتی نەبووەتە هۆکاری دواخستنی هەڵبژاردن، دەشڵێت: پارتی نەبووە کە ئەو بابەتەی بردووەتە دادگای فیدراڵی و وابکات کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێتە ئێرە.
حوسێن جەختیکردەوە، چاوەڕوانی ئەوەین لە کۆتایی ئەو مانگەدا دادگای فیدراڵی دواین بڕیاری خۆی لەسەر ئەو بابەتە بدات، ئەگەر وابێت ئەوکات مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردن دەرەدەچێت.
روونیشیکردەوە، “ئێمە لەگەڵ ئەوەداین پێگەی کورد لەکەرکووک بەهێز بێت، لەگەڵ ئەوەشین لایەنە کوردییەکان رێککەوین لەسەر پارێزگارێکی کوردی نیشتیمان پەروەر بێت، مەرجیش نییە یەکێتی یان هەرلاینێک بێت، ئەگەر یەکێتیش بێت کێشە نییە تەنها بەبێلایەنی کار بکات.