وه‌رزی بێ باران

له‌یلا گورگانی/ سنه‌

لێوڕێژم لە دڵتەنگی تۆ و
بێدەنگیەکانی
تەنافی سێدارە
بە قوڵایی هەناسەم خەم
کە ئاسمان
چاوەکانی ژنێکە و
هیچ وەرزێکی ساڵ
بێ باران نییە
دڵدارەکەی نیشتمان،
کەزیەکانت شیعرێکە لە
بناری چیاکانەوە دەسپێدەکات
پێدەکەنی و
بزەی لێوانت
ئەبێت بە چەپکه گۆڵی دڵداری
پەپوولەکان
لە ئامێزی جامانەیەکدا
ئەیکەن بە بەرزایی گوڵە شلێرە، سوور
ئاواتەکان هەناسە هەناسە
دەبارێنێ
چەندە جوانە شەڕابی یەکیەتی
نۆشینەوە
لە بەرگێکی خوێناویدا
ڕوومەتی دەلاقەکان ئەسڕێتەوەو
دەیکات بە هێلانەی چاوەڕوانی.

ھەواڵی زیاتر