فێڵ یان هونەری خۆ پێ لەبیربردنەوەی ستەمکارەکان

عومەر چنگیانی

قورئان پڕیەتی لەباسی پەیامگەیێنان و نەتەوەکانیان و لە هەر جارو باسەیدا دنیایەک پەند و ئامۆژیاری و وانەی سەرسووڕهینمان دەداتێ، تا ئەوئەندازەی کە وەک خۆی لە ئایەتی پەنجا و حەوتی سورەتی (یونس)دا، دەفەرمێت: (شیفایە بۆ شاراوە و ئازار و پەنهانەکانی نێو سینگ و دڵەکان).
لەم ڕۆژگارە سەختەی ئێستادا کە نەیارانی گەلەکەمان بە هەموو شێوەیەک چنگیان لە بینمان گیرکردووە و بەوە ناوەستن کە تاوانەکانیان ئەنجام دەدەن، بگرە دەیانەوێ پاساوبارانی کارە چەپەڵەکانیان بکەن و تەنانەت – زۆر بەداخەوە – لەسەر عەقڵی هەندێک وای لێهاتوە خواستە ئایینیەکەیشیان لەدەست داوە کە دەبێ بڕوادار هۆشیار و هۆشمەند و ئاگادار بێت، بۆیە لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی، ئەو بیرهینانەوەیە ئەرک بوو لەسەرمان و کرایە توێشووی گوتاری جومعەی ڕابردوومان ١٩ی١ی٢٠٢٤ و زۆرێک لە مامۆستا بەڕێزەکانیش پێیەوە وا بەستە بوون کە من لە گوڵخەرمانی ئیمڕۆمدا بەر لە گواستنەوەی دەقی گوتارەکە، دەتانبەمە خزمەت ئایەتەکانی ١٧- ١٩ی سورەتی(الشعراء)کە باس لە فیرعەون دەکات بۆ چاووڕاوکردن لە خەڵک دەیەوێت موسا سەرقاڵ بکات بەخۆیەوە، کە خواگیان لە گێڕانەوەی ئەو باسەدا دەفەرمێت: (کە موسا و هاروونی برای بە فیرعەونیان گوت دەسبەرداری بەنی ئیسرائیل ببە و لەگەڵ ئێمە بیاننێرە * کەچی فیرعەون بە موسای وت ئەرێ ئێمە تۆمان بە ساوایەتی گۆش نەکرد و چەندین ساڵی تەمەنت لەنێو ئێمەدا بەسەربرد؟ * ئەوکارەیشت ئەنجامدا کە خۆت دەیزانی – پیاوکوشتنەکەی موسا – و ئێستا ناشوکری نازو نیعمەتەکانی ئێمەیت لەبەرانبەرتدا؟! ). بەمانا ئەو هەموو تاوانی قات و قڕییەی خۆی دەکرد دەبێ موسا لێیان بێ دەنگبێت چونکە کاتی خۆی ئەو لەەماڵی دا گۆشبووە و بەویستی خوا ڕێی کەوتۆتە ئەوێوە!
دوای ئەم تێبینییە دەچینە نێو بەشێک لە دەقی گوتارەکەی هەفتەی ڕابردوومان کە لەژێر ناونیشانی (ئیماندار کەسێکی ژیرو زیتەڵ و چاوکراوەیە)دا بوو، ئیماندار (كيس ) ـە واتا ژیر و عاقڵە، شوێنکەوتەی بیروهۆشی دەبێ و کەسێکی چاوکراوەیە، چونکە عاقلی بریتیە لە بیرتیژی و بەرچاوڕوونی لە ئەنجامدانی کارەکانیدا، هەمیشە بیروهۆشی بەهێزتر دەکا بە شتانێک کە خەڵکی لێوەی نازانن و، دنیا دەکاتە پردێک بۆ گەیشتن بە دواڕۆژدا، ئەم وەسفە تەنها لە باوەڕداری ڕاستەقینەی خودان ژیریدا هەیە، وایکردوە لە ژیاندا تێبگات، زیتەڵی واتا هەبوونی زانیاری بە شتانێک کە ناڕون و گوماناوین، یان بریتیە لە ئاگاداربوون لە مەبەستی شتێک کە پێویستە بزاندرێ .
ڕێگاکانی بەهێزکردنی ژیری.
کاتێک باسی زیرەکی باوەڕدار دەکەین، پێویستە باوەڕدار تیشک بخاتە سەر ئەم خاڵانە بۆ ئەوەی زیرەکی خۆی بەهێز بکات .
یەکەم : باوەڕ و ئیمان و وەرگرتنی زانست و ئامادەبوون لە کۆڕی زانستی و زانایان، چونکە ئیماندار هەرچەند زانابێ هێندەیتر خودان ژیری ئەزموندارتر دەبێت .دووەم : هەوڵدان بۆ بیرکردنەوه له شت و کردارەکان پێش ئەوەی بۆچوون و بڕیارێک دەربڕێت، وەک له قورئانی پیرۆزدا هاتوە له حوکمی داود و سولەیمان ( سەلامی خودایان لەسەر ) له نێوان خاوەن کێڵگە و و خاوەنی مەڕەکان .
سێیەم : لێپێچینەوە لەخۆمان لەسەر کار و کردەوەکان و هەنگاوەکانی ڕۆژانەمان، ئەمەش بۆ وەرگرتنی ئەزموون و وانە و پەندی زیاتر لەهەڵە و زیادکردنی ژیریمان .
چوارەم : وازهێنان خواردن و خەوتنی زۆر .
کاریگەریەکانی زیتەڵی لەسەر ژیانی مسوڵماندا .
١. زیرەکی و زیتەڵی یەکێکە لە هۆکارەکانی سەلامەتی و دەرچوون لە کێشە و یەکێکە لە نهێنییەکانی پێشکەوتنی شارستانیەت و تەکنەلۆژیا .
٢. مرۆڤی ژیر چاودێری ڕەوشتی دەکات و خۆی لە خراپە و بەدڕەوشتی بەدوور دەگرێت، بۆ ئەوەی لە جیهان و دواڕۆژدا پارێزراو بێت
٣ . کەسی زیرەک بەهۆی زیرەکی ژیریەکەیەوە سوود بەخۆی و بەخەڵکیش دەگەیەنێ .
٤ . زیرەکی یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی مسوڵمان .
لەکۆتاییدا دەبێ بپرسین کێ زیرەک و زیتەڵە؟ :
بریتیە لەو کەسەی خۆی دەناسێ و کردەوەکانی تەنها بۆ خودایە و هەمیشە بیر لە مردن دەکاتەوە و دەزانێ ڕۆژێک دێت ئەم دنیایە بەجێدێڵێ، چونکە مانەوەی هەتا هەتایی تەنها بۆ خوایە .

ھەواڵی زیاتر