هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

گه‌ڕی یازده‌یه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه ‌ده‌چێت

ئارارات و هه‌ندرێن له‌ دێربیی هه‌ولێر به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، سیروانی نوێش چاوی له‌ پیشه‌نگی خوله‌كه‌یه‌

ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ گه‌ڕی یازده‌یه‌می یارییه‌كانی خولی نایابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، یارییه‌كان له‌ كاتژمێر (2)ـی دوای نیوه‌ڕۆ ئه‌نجام ده‌درێن، چه‌ند رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له‌ نێوان یانه‌كان له‌م گه‌ڕه‌دا هه‌یه‌، كه‌ ئارارات میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات و سیروانی نوێش له‌ یاریگه‌ی خۆی پێشوازی له‌ دهۆك ده‌كات، نه‌ورۆز و برایه‌تی به‌یه‌كه‌وه‌ یاریی ده‌كه‌ن، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

چه‌مچه‌ماڵ ده‌یه‌وێت له‌ ئه‌نجامه‌ باشه‌كانی به‌رده‌وام بێت
چه‌مچه‌ماڵ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری شه‌قڵاوه‌ ده‌كات، تیپه‌كه‌ی ئه‌رسه‌لان جه‌لال له‌ دۆخێكی باش دایه‌، له‌ دوو گه‌ڕی رابردوو دوو بردنه‌وه‌یان تۆمار كردووه‌، ئه‌مڕۆش خراپی دۆخی شه‌قڵاوه‌ به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانن تا سێ خاڵی دیكه‌ بۆ خۆیان زیاد بكه‌ن، هێزی گه‌وره‌ی چه‌مچه‌ماڵییه‌كان له‌ هانده‌رانی نێو یاریگه‌ی خۆی دایه‌، به‌ 13 خاڵ له‌ خانه‌ی شه‌شه‌م دێن.
شه‌قڵاوه‌ له‌ دۆخیكی خراپ دایه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ راهێنه‌ره‌كه‌شیان ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه‌، تا ئیسته‌ش به‌ فه‌رمی كه‌س نه‌بووه‌ته‌ راهێنه‌ر، ته‌نها 4 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ كۆتا ریزبه‌ندین، 9 یارییه‌ هیچ بردنه‌وه‌یه‌كیان نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌یانه‌وێت سووپڕایزێك بۆ چه‌مچه‌ماڵ بكه‌ن و یه‌كه‌م دۆڕانیان له‌ یاریگه‌ی خۆیان تووش بكه‌ن.

ئارارات هه‌وڵده‌دات تاڵاوی یه‌كه‌م شكست به‌ هه‌ندرێن بنۆشێت
ئارارات له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری هه‌ندرێن ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ به‌ دێربی هه‌ولێر داده‌نرێت، یاریزانه‌كان شاره‌زاییه‌كی باشی جوله‌ و یاریی كردنه‌كانی یه‌كترن، بۆیه‌ پێشبینی هه‌ستیارییه‌كی زۆر له‌م یارییه‌ ده‌كرێت، ئارارات گه‌ڕی رابردوو شكستی هێنا بۆیه‌ به‌دوای راستكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ده‌گه‌ڕێت، بۆ ئه‌م یارییه‌ له‌ تواناكانی عه‌لی عه‌زیزی داینه‌مۆی تیپه‌كه‌ بێ به‌ش ده‌بێت به‌هۆی كارتی زه‌رده‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌یه‌وێت یه‌كه‌م دۆڕان تووشی هه‌ندرێن بكات، 8 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی سێزده‌یه‌م دێن.
هه‌ندرێن دوو یارییه‌ بردنه‌وه‌ی بیر چۆته‌وه‌، ئه‌و ئاسته‌ی له‌سه‌رتاوه‌ پێشكه‌شی ده‌كرد، ونی كردووه‌، ره‌نگه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ساردبوونه‌وه‌ خاوبوونه‌وه‌ی یاریزانه‌كان هه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌موو یانه‌یه‌ك چاوی له‌ شكست پێهێنانی تیپكه‌ی دڵشاد مه‌عروفه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ ئارارات پارێزگاری له‌ پێشه‌نگ بكه‌ن و خۆیان له‌و ئاسته‌ خراپه‌ رزگار بكه‌ن، به‌ 21 خاڵ پێشه‌نگن، 14 گۆڵی كردووه‌ و به‌هێزترین هێلی هێرشبه‌ری هه‌یه‌.

یارییه‌كانی رۆژی پێنج شه‌ممه‌
سیروانی نوێ چاوی له‌ پێشه‌نگه‌
سیروانی نوێ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری دهۆك ده‌كات، ئه‌م یارییه‌ بۆ تیپه‌كه‌ی رزگار عه‌لی چاره‌نووسسازه‌، چونكه‌ ره‌نگه‌ به‌ بردنه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌م وه‌رزه‌ پێشه‌نگ له‌ هه‌ندرێن وه‌ربگرێته‌وه‌، بۆیه‌ نایه‌وێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی له‌ده‌ست بچێت، كاتێك له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی یاریی ده‌كات، 19 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی دووه‌من.
دهۆك ئاستی جێگیر نییه‌، سه‌ره‌تاییه‌كی باشی له‌ خوله‌كه‌ هه‌بوو، دواتر نه‌یتوانی به‌رده‌وم بێت، ئه‌وه‌یش به‌هۆی پێكانی یاریزانه‌كان و كه‌م ئه‌زموونی یاریزانه‌ لاوه‌كانی، بۆ ئه‌م یارییه‌ش ده‌یانه‌وێت به‌ كه‌مترین زه‌ره‌ر له‌م یاریگه‌یه‌ ده‌ربچن، 13 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی حه‌وته‌من.

یاریی ئاگرینی ئه‌م گه‌ڕه‌ له‌ سلێمانییه‌
نه‌ورۆز له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری برایه‌تی ده‌كات، تیپه‌كه‌ی كامه‌ران عه‌لی به‌هۆی كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاو، بووه‌ته‌ تیپێكی ترسێنه‌ری خوله‌كه‌، ئه‌نجامه‌كانیان پێچه‌وانه‌ی پێشبینیه‌كانی هانده‌رانی وه‌رزشی بوو، هێمن فه‌ره‌جی هێرشبه‌ری به‌ 5 گۆڵ سه‌رو ریزبه‌ندی گۆڵكه‌رانی گرتووه‌، به‌ 15 خاڵ سێیه‌می خوله‌كه‌ن.
برایه‌تی ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی باشترن له‌سه‌رتای خوله‌كه‌، به‌ڵام هێشتان نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ده‌سته‌ی راهێنه‌ران پلانیان بۆی داناوه‌، پشت به‌ستن به‌ یاریزانی لاو له‌ خاڵه‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی سه‌مه‌د جه‌وهه‌رن، كه‌ بتوانێت ئه‌م یاریزانانه‌ بۆ ئاینده‌ ئاماده‌ بكات، بردنه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی گه‌ڕی رابردووی له‌ شه‌قڵاوه‌ پاڵنه‌رێكی باشه‌ تا سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ به‌سه‌ر نه‌وه‌رزیش تۆمار بكات، سروشتی برایه‌تی له‌م وه‌رزه‌ وایه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی باشتر ده‌رده‌كه‌وێت، 13 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی پێنجه‌من، بۆ ئه‌م یارییه‌ له‌ تواناكانی دانا كامه‌ران بێ به‌ش ده‌بێت، یه‌كێك له‌ كاریگه‌رترین یاریزانی یانه‌كه‌یه‌.

سۆران میوانداری شێروانه‌ ده‌كات
سۆران له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداری شێروانه‌ ده‌كات، چاویان له‌ بردنه‌وه‌یه‌ له‌ شێروانه‌، به‌ دوای بردنه‌وه‌ی سێیه‌م له‌ خوله‌كه‌ ده‌گه‌ڕێن، كێشه‌ی كه‌می گۆڵكردنیان هه‌یه‌، كه‌ تا ئێسته‌ ته‌نها 5 گۆڵیان كردووه‌، كه‌مترین رێژه‌ی گۆڵكردنه‌، به‌ 10 خاڵ له‌ خانه‌ی یازده‌یه‌م دێن.
شێروانه‌ دوای دابڕانێكی زۆر له‌ بردنه‌وه‌ گه‌ڕی رابردوو به‌ بردنه‌وه‌ شادبوونه‌وه‌ كاتێك به‌ گۆڵێكی بێ وه‌ڵام له‌ نه‌ورۆزیان برده‌وه‌، ئه‌مه‌ پاڵپشتییه‌كی باشه‌ تا ئه‌نجامێكی باش له‌ دژی سۆران تۆمار بكه‌ن، خاوه‌نی 11 خاڵن و له‌ خانه‌ی هه‌شته‌م دێن
رۆژی هه‌ینیش، چه‌ند یارییه‌كی دیكه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر میوانداری زاخۆ ده‌كات و هه‌ولێریش میوانی ده‌ربه‌ندیخانه‌، سه‌ید سادقیش له‌م گه‌ڕه‌ چاوه‌ڕوانه‌.