سیاسەتەکانی بایدن لە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێرڤی دەنگەکانی ترەمپیان بەرزکردووەتەوە

دوای جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و شەڕی ئیسرائیل و حەماس، رەخنەیەکی زۆر لە سیاسەتی ئیدارەی بایدن دەگیرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی سەر بنکەی سەربازی تاوەر 22، 3 سەربازی ئەمەریکا کوژران و لانیکەم 34ـی دیکە برینداربوون. 

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، “ئێمە شەوی رابردوو، ساتێکی سەختمان هەبوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە یەکێک لە بنکە سەربازییەکانمان سێ سەربازمان لەدەستدان. داواتان لێ دەکەم ساتێک بۆ گیانی ئەو سەربازانەمان راوەستین. ئێمە دەبێت وەڵامی ئەم هێرشە بدەینەوە”.

ئێستا بایدنی تەمەن 81 ساڵ کاندیدی سەرۆکایەتی دیموکراتەکانە و چاوی لەوەیە بۆ گەڕێکی دیکەش لە کۆشکی سپی بمێنێتەوە؛ بەڵام لەلایەن کۆمارییەکانەوە رەخنەیەکی زۆری لێدەگیرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و بەهێزترین کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان، تۆمەتباری دەکات بەوەی گیانی هێزەکانی ئەمریکای لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستووەتە مەترسییەوە.

ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تروس سۆشیەڵ نووسیویەتی، “کوژرانی 3 سەربازی ئەمەریکی لە ئوردن ساتێکی سامناکە بۆ وڵاتەکەمان، ئەو هێرشە تراژیدییەش دەرئەنجامی لاوازی بایدنە” ترەمپ رەخنە لە لاوازی بایدن دەگرێت و دەڵێت، “ئێمە شەڕی داعشمان کرد و بە سەلامەتی سەربازانی ئەمریکامان گەڕاندەوە نیشتمان، ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا بوومایە، ریگریم دەکرد لە دروستبوونی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا و شەڕی ئیسرائیل و حەماس”.

ترەمپ چاوی لەوەیە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، تاوەکو کۆتایی بەو شەڕ و ململانێ سەربازییانە بهێنێت، بەرۆکی جیهان و ناوچەکەیان گرتووە، 5ی تشرینی دووەمی ئەمساڵیش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت. تا دێت کێرڤی دەنگەکانی ترەمپیش زیاتر دەبن، بەجۆرێک لە نوێترین راپرسی 6 پۆینت لە پێش بایدنی رکابەرییەتی. پێشبینی دەکرێت ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا، داخۆ وەک ئەوەی بەڵێنی داوە دەتوانێت کۆتایی بە جەنگ و ململانێ سەربازییەکان بهێنێت یاخود نا.