چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

یاداشتێكی ناڕه‌زایه‌تی دژی ھێرشی هاژه‌كی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر راده‌ستی په‌رله‌مانی عێراق كرا

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ئاشكرای كرد كه‌ یاداشتێكی ناڕه‌زایه‌تی دژی ھێرشی هاژه‌كی ئێران بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێریان راده‌ستی په‌رله‌مانی عێراق كردووه‌ و ئه‌وانیش به‌ڵێنیان داوه‌ بیخه‌نه‌ نێو كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌.

سیپان شێروانی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگه‌یاند: لە تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەغدا، یاداشتی ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانمان لە دژی هێرشی هاژه‌كی ئێران بۆ سەر هەولێر، بە ئەمانەتەوە ڕادەستی د. شاخەوان عه‌بدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران كرد.

ڕاشیگه‌یاند: لای خۆیەوە جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق بەڵێنی دا بەوپەڕی جدییەوە كاری لەسەر بكەن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: د. شاخه‌وان هه‌روه‌ها به‌ڵێنی دا یاداشتەكە بخه‌نه‌ نێو كارنامەی كۆبوونەوەكانی پەیوەست بە هێرشه‌ هاژه‌كییه‌كی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

دره‌نگانی شه‌وی 15ی ئه‌م مانگه‌ سوپای پاسدارانی ئێران به‌ 11 هاژه‌ك هێرشی كرده‌ سه‌ر شاری هه‌ولێر، به‌شێك له‌و هاژه‌كانه‌ به‌ر ماڵی پێشڕه‌و دزه‌یی سه‌رمایه‌داری كوردی شاره‌كه‌ كه‌وت، له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌شدا چوار كه‌س شه‌هیدبوون كه‌ له‌نێویاندا پێشڕه‌و دزه‌یی خۆی و منداڵێكی ته‌مه‌ن كه‌متر له‌ ساڵێك و هاوڕێیه‌كی و كارگوزارێكی فلیپینی هه‌بوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ برینداربوونی 6 كه‌سی تر