سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی: دەمانەوێت ژێرخانی ئابووریی کوردستان بەهێزتر بکەین


وەزیری بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت، دەیانەوێت ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەن و، لەگەڵ حکومەتی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی سندووقی پاڵپشتی هەناردەکردن بۆ بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێم دابین بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-01-2024، کەمال موسلیم، وەزیری پیشەسازی و بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکی سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەت رایگەیاند، “قەبارەی هاوردەکردنی کاڵا بۆ نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەراورد بە هەناردەکردنی کاڵا بۆ دەرەوەی هەرێم زۆر زیاترە، ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەین هاوسەنگییەک لە نێوان رێژەی هاوردەکردن و هەناردەکردن دروست بکەین”.  

بە گوتەی کەمال موسلیم، “وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر هێڵە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان زۆرترین سوود لەو رێگە گەشەپێدانە وەربگرێت کە بڕیارە لە بەندەری فاوی بەسرەوە بەرەو سنووری تورکیا دروستبکرێت”.

وەزیری پیشەسازی و بازرگانی گوتی، “لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و نێردە دیپلۆماسییەکان جەختمان لە پەرەپێدانی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە کردووەتەوە و ئامانجمانە پەرە بە کاری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بدەین”.

کەمال موسلیم  ئاماژەی بەوەش کرد، “بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەر و بازرگانانی هەرێمی کوردستان بکەین، نووسینگەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەروازە سنوورییەکان دەکەینەوە بۆ ئەوەی روتینیات نەمێنێت”. گوتیشی، “لە هەرێمی کوردستان لە بواری پیشەسازیدا پێشکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە و توانیومانە بە بەرهەمە ناوخۆییەکان بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕبکەینەوە”.

وەکو ئەوەی وەزیری پیشەسازی و بازرگانی باسی کرد، “بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی جووتیارانمان لە هەرێمی کوردستان، حکومەت بڕیاریداوە باجی زیاتر بخاتە سەر ئەو بەرهەمە هاوشێوانەی لە دەرەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن یان ئەگەر زۆر پێویست بوو، هاوردەکردنیان قەدەغە دەکرێت”.

کەمال موسلیم  لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، “لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق لە گفتوگۆداین و قۆناغی باشمان بڕیوە بۆ ئەوەی وەکو عێراق، سندووقی پاڵپشتی هەناردەکردن بۆ کارگە و بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکەین”.

بەیانیی ئــەمــڕۆ یەکــشــەممە، 28-01-2024، کاتــژمێر 10:00، بـە ئامادەبوونی مەسرور بـارزانی، سەرۆکی حکـومەتی هەرێمی کوردستان، لـە هـەولێری پایتەخـت، سێیەمین کـۆنفرانسـی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.