سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بێگەرد تاڵەبانی: کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ داوە

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی زۆری بە بواری کەرتی کشتوکاڵداوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێیەمین کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو. بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بابەتی ئاسایشی خۆراک یەکێکە لە بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیی هەر وڵاتێک، کە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە سەرەکی ترین خاڵ، ئەویش بریتییە لە دەستەبەری خۆراکی پێویست ئەویش بەدەستەبەرییەکی باش بۆ تاک بە تاکی کۆمەڵگا.

بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ، ئەوان لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارساڵی رابردوودا درێژکراوەی کابینەکانی پێشوون، “ئەوەی لە رابردوودا کراوە ئێمە نادیدەی ناگرین، بەڵام کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا گرنگییەکی زۆری بە بواری کەرتی کشتوکاڵدا، ئەمەش وایکرد بەرپرسیاریەتی کشتوکاڵ لەم کارنامەیەدا بەرپرسیارییەتیەکی گەورەتر بوو جیاواز لە رابردوو، بۆ ئەوەی ئێمە چۆن بتوانین دەستەبەری ئاسایشی خۆراک و ئاوی خۆمان بکەین”.

بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، “لەبەردەم هەر ئالەنگارییەک کە بوون بە بەربەست لەبەردەمماندا، ئێمە لێی بەدەر نەبووین، بابەتی وشکە ساڵی یەکێکە لە کاریگەرییە گەورەکان کە کاریگەری لەسەر کەشوهەوای کوردستان و کەرتی کشتوکاڵ هەبوو، لە هەمانکاتدا کۆی ئەو گۆرانکاری و سیاسی و جەنگانەی کە ئێستادا بوونیان هەیە، لەگەڵ ئەو نەخۆشیانەی کە بڵاوبوونەوە کاریگەرییان لەسەر کاری ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ هەبووە، بەڵام ئاسایشی خۆراک یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی ئاسایشی نەتەوەیی، هەر لەبەر ئەوە ئێمە هەر زوو تیشکمان خستە سەر ئەوەی چۆن بتوانین پێداویستی خۆمان کە پێداویستی خۆمانە لە خاک و کەشواهەوای خۆمان بەرهەم بهێنین و دوای ئەوە بازاڕ بۆ بەربوومەکانی خۆمان بدۆزینەوە، بە پشتیوانی هەموو لایەک ئێمە لە زۆر بەربوومدا گەیشتووینەتە ئاستی خۆ بژێوی و سەرکەوتوبووین”.