فیلمی (دارگوێز) لە دەرهێنانی (محەمەد حوسێن مەهدەویان)ـە و ئەکتەری دیاری سینەمای ئێرانی (پەیمان موعادی) ڕۆڵی تێدا دەبینێت، ئەم فیلمە چیرۆکی ڕاستەقینەی کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشتە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە.
ئەم فیلمە خاوەنی چەندین خەڵاتی گەورەیە و ئێستاش پاڵێوراوە بۆ چەندین خەڵاتی دیکەی جیهانی.
لە یەکەم نمایشی خۆشیدا، لە ھەولێر و (ئێمپایەر سینەما)دا زۆرترین بینەری لە فیلمەکەدا کۆکردەوە.
(مەستی فیلم)، کە سەپۆرتی نمایشەکانی ئەو بەرھەمەی لەئەستۆ گرتبوو توانیی جارێکی تر بینەر لە سینەمای کوردی دا کۆبکاتەوە و ئەزموونێکی نوێ لە سینەمای کوردی دا نیشانی بینەر بدات، کە پڕبوون لە مەرگەساتی کورد لە پارچەیەکی دیکەی کوردستاندا.
کارەساتی سەردەشت بوو بە خامی فیلمێکی نوێ
دوای زیاتر لە حەفتەیەک لە نمایشی فیلمی (دار گوێز) لە سلێمانی و بەپێی بەرنامەی نمایشەکانی ئەو فیلمە لە ھەولێر نمایش کرا، ئەو بەرھەمە گێڕانەوەی ڕووی ڕاستی ڕژێمی پێشووەو لە تۆڵەی کۆماری ئیسلامیدا بەردەبێتە گیانی خەڵکی سڤیلی ڕۆژھەڵات و ناوچەی (سەردەشت) بەوپەڕی بێ ڕەحمانە منداڵ و پیر و گەنج لە خەونەکانیان بێبەش دەکات، کاتێک بە فرۆکە کیمیابارانی دەڤەرەکە دەکات و دواتر جینۆسایدی ئەو ناوچەیە لە دادگای لاھای بە جیھان دەناسێندرێت.
کارەکتەرێک ھەمووان دێنێتە ھەژان
(قادر) ناوی ئەو کارەکتەرەیە، کە خۆی و خانەوادەکەی سەدان خەونی شیرینیان ھەیە بۆ ژیان و نەخشە بۆ دواڕۆژ دادەنێن، ئەگەرچی ئەوان لە خێزانێکی ھەژار و کەمدەرامەتن، بەڵام ھیوایان زۆرە بە ژیان، تەنانەت (قادر) و (شەھێن) کە ھاوژینی یەکن و ٣ منداڵی چاوگەشیان ھەیە، ھەمیشە لە ھەوڵدان بۆ بەیدھێنانی خەونی منداڵە چاوگەشەکانیان، جگە لەو کۆرپەی ھێشتا لە دایک نەبووە و (شەھێن) چاوی بڕیووەتە لەدایکبوونی کچێکی دیکەی، بەڵام بێ خەبەرن لەوەی کە ڕژێمی پێشووی عێراق ھەموو خەونەکانیان ئاوەژوو دەکات و ڕێگەی خۆشبەختییان لێ ون دەکات.
کورد لە کوێی ئەم دنیایە بێت، ئازار لەوێیە!
دەمەونیوەڕۆ دەبێت و (قادر) خەریکی کرێکارییەکەی خۆیەتی، دوو پەپوولەئاساکەشی لە قەراغ دەریاچەیەکی بچووک لە ماڵەکەی خۆیاندا لە سەردەشت خەریکی خوێندنن و دایکە میھرەبانەکەشیان ڕۆژ و سەعات دەژمێرێت بۆ ئەوەی بزانێت کەی کچەکەیان دێتە دنیاوە، لە پڕ فرۆکە جەنگیەکانی ڕژێم، ناوچەکە کیمیاباران دەکەن و پیر و گەنج و ئاژەڵ بەرگەی ئەو کیمیابارانە ناگرن و دەیان ڕۆڵەی ئەو ناوچەیە بەبێ گوناح سەر دەنێنەوە و کوڕە ژیکەکەی (قادر)یش چاوەکانی لەدەست دەدات، جگە لە سووتانی جەستەی منداڵەکانی دیکەی و زامداربوونی شەھێنی دووگیان.
بۆ چارەسەری برینەکانیش خۆیان دەگەیەننە شاری (تەبرێز)، بەڵام نوژدارەکان بەھۆی سەختی برینەکانیانەوە ناتوانن چارەسەری منداڵە چاوگەشەکانی (قادر) بکەن و ڕەوانەی (تاران)ـیان دەکەن، تەنانەت لەوێشدا ھیچ دەرمانێک چارەیان ناکات و لەوێدا بە نائومێدی دەگەڕێتەوە و بەدەستی خۆی منداڵەکانی لە (سەردەشت) دەنێژێت، کە ئەمەش ئاگر لە ڕووحی بەردەدات، بەڵام وەک پیاوێکی خۆڕاگر ھێشتا ھیوای بە ژیان ماوە، چونکە پێی وایە (شەھین)ـی ھاوژینی مادام لە ژیاندا بێت دەتوانێت ژیانێکی نوێ دروست بکات، بەڵام نازانێت چارەنووس بەرەو کوێی دەبات و مەرگ تا چەند لە ڕووحی (شەھێن)ـدا نزیکە.
شەھێن لە لێواری مەرگدا
دوای ئەو ھەموو ئازارەی کە منداڵە چاوگەشەکانی بە بەرچاوی خۆی سەریان نایەوە، ڕووی لە دەمی پزیشکانی تەبرێز بوو، کە ئیدی (شەھین) چاکبێتەوە و کۆرپەیەکی دیکە ببێتە شوێنگرەوەی منداڵەکانی دیکەی کە بەھۆی ئەو کیمیاوییەوە لە دەستی داون، بەڵام نازانێت، کە مردن ھەڕەشە لە (شەھێن) دەکات و جارێکی تر ڕووحی دەسووتێت و ئیتر بەرگەی ژیان ناگرێت، تەنیا ئەوە نەبێت چاوی لەوەیە کە کۆرپەکەی بە زیندووی لە سکی ھاوژینەکەی ڕزگاری بێت، تا ئەو ساتەی (شەھێن) چاوی لێکنا و کۆرپەکەشی لە نەخۆشخانەیەکی تاران دا گۆڕا و بۆ ئەبەد نە شەھێنی بینیەوە نە ئەو کچەی کە خەونی بوو لە دایک بێت.
ژینە لە کوێی ئەم جیهانەدایە؟
ژینە ئەو ناوە بوو کە خۆی و (شەھێن)ـی ھاوژینی ناویان بۆ کۆرپەکەی سکی دانا بوو، بەڵام لە دوای مردنی شەھێن دا چارەنووسی کچەکە دیار نەما، بەڵکو لەگەڵ لەدایکبوونی چەند کۆرپەیەک لە تاران گۆڕا و ئیدی (قادر) بۆ ئەبەد ژینەی نەدۆزییەوە و کەیسی ئەو کۆمەڵکوژییەی بە جلی کوردییەوە گەیاندە دادگای لاھای لە وڵاتی ھۆڵەندا و بە ئامادەبوونی نوێنەری چەندین وڵات کەیسی کیمیاباران و کارەساتەکەی (سەردەشت) بە جینۆساید ناسێندرا، ئەوەی کە ھەمووانیشی ھێنایە گریان ئەوە بوو، کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت (ژینە) وەک دەیان بەرکەوتەی کیمیایی نازانێت دایک و باوکی لە کوێی ئەو جیهانەدان و کەس سەر و سۆراغیشی نازانێت.