دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک لە سوپاوە ڕادەســــتی پۆلیسی شارەکە دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک لە سوپاوە ڕادەستی پۆلیسی شارەکە دەکرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووکە و یەکێکە لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان کورد و حکوومەتی عێراق. ھاووڵاتییانیش ھەنگاوی دوورخستنەوەی سوپا لەناو شار و پێدانی ئەو ئەرکە بە پۆلیس بە باش دەزانن، گرنگتر لەوەش بەلایانەوە بەشدارکردنی پێشمەرگەیە لە دۆسیەی ئەمنی.

ئەزموونی تاڵی حەوت ساڵی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ سوپا و ھێزە عێراقییەکان و مامەڵەی نەگونجاویان لەگەڵ خەڵکی کەرکووک، وای کردووە ئەو ھێزانە بە نامۆ سەیر بکرێن. ھاووڵاتییان ھەنگاوی دوورخستنەوەی سوپا لەناو شار و پێدانی ئەو ئەرکە بە پۆلیس بە باش دەزانن، گرنگتر لەوەش بەلایانەوە بەشدارکردنی پێشمەرگەیە لە دۆسیەی ئەمنی.
ڕێوشوێنەکان بۆ ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک بە پۆلیس تەواو کراون، پۆلیسیش دەڵێ: ئامادەین بۆ جێبەجێ کردنەوەی ئەو ئەرکە، ڕادەستکردنەوەی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک لە سوپاوە بۆ پۆلیس لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووکە و یەکێکە لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان کورد و حکوومەتی عێراق. عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، دەڵێت: بەرپرسیاری دۆسیەی ئەمنیی شارەکە ھاوشێوەی شارەکانی دیکە ڕادەستی پۆلیس دەکرێتەوە.
دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، جارێکی دیکە داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، سەری ھەڵداوەتەوە و بووەتە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە، بەردەوام کردەوەی تیرۆریستی دەکەن، ھێزە عێراقییەکانیش توانای پاراستنی ئەو ناوچانەیان نییە.
داعش سوودی لەو ناوچە چۆڵانە بینیوە کە کەوتوونەتە نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکانەوە، زانیارییە سەربازییەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن، تا دێت چەکدارە جێماوەکانی داعش خۆیان ڕێک دەخەنەوە، بۆ ئەوەی لە تێکچوونی زیاتری دۆخی سیاسی و سەربازیی عێراق دەستی خۆیان زیاتر بوەشێنن.
دەستووری عێراق ماددەی ١٤٠ی وەک چارەیەک بۆ کێشەی کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و پارێزگا دراوسێکانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین، دەستنیشان کردووە.
ماددەکە میکانیزمی سێ قۆناغی دەستنیشان کردووە، یەکەمیان ئاساییکردنەوەیە، واتە چارەی گۆڕانکاری دیمۆگرافیای کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان، دووەمیش سەرژمێری لەو ناوچانە، سێیەمیش ڕاپرسییە بۆ دیاریکردنی ئەوەی دانیشتووانەکەی دەیانەوێت سەر بە ھەرێمی کوردستان بن یان حکوومەتی عێراق، پێویست بوو ئەم قۆناغانە پێش ٣١ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٧ کرابانە.

ھەواڵی زیاتر