پێنجەم جارەنەیارانی کورد یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی گاز لە کوردستان دەکەنە ئامانج

بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کە سووتەمەنییەکەیان پشت بە بەرهەمی گازی سروشتیی کۆرمۆر دەبەستن، دوای ئەو هێرشە تیرۆریستییەی بۆ ماوەیەک بەرهەمهێنانی گازیان لە کێڵگەکە پەک خست، ئاسایی بوونەتەوە.

رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی کانوونی دووەم سەعات دە و بیست خولەکی ئێوارە، جارێکی تر نەیاران و دوژمنانی کورد بە درۆن کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی کرایە ئامانج و بەهۆیەوە کارکردن لە کێڵگەکە وەستا و کارەبای زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پچڕا یان سەعاتەکانیان کەم کرایەوە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار مێگاوات کارەبای نیشتمانی بەرهەم دەهێنرێت و زۆربەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان سووتەمەنییەکەیان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دابین دەکرێت و دوای هێرشەکە دوو هەزار و هەشتسەد مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی ڕووداوەکە کەم کرایەوە.
دوێنێ شەممە ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕای گەیاند کە دۆخی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی ئاسایی بووەتەوە و پێداگری لەوە کرد کە گازی کێڵگەی کۆرمۆر تەنیا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبایە بۆ خەڵکی کوردستان و بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆ زیان بە خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت.
وەک دەزانرێت لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی بە هاوکاری چەند کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان دەستی بە وەبەرهێنان کردووە و ئەو وەبەرهێنانەش کاریگەرییەکی زۆری هەبووە بۆ سەر بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە لایەک و کەمکردنەوەی هۆکارەکانی پیسکردنەوەی ژینگە لە لایەک و لە سەرووی ئەوانەش خەرجییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای لەسەر حکوومەتی هەرێی کوردستان کەم کردووەتەوە.
لە دۆخێکدا کە بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکان نانێرێت، پلانێک هەیە بۆ ئەوی کێشەی تر بۆ خەڵکی کوردستان دروست بکەن و ماڵەکانیان تاریک بکەن ئەمە جگە لە بە ئامانجگرتنی یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە کوردستان کە ئامانجەکەی لێدانە لە ژێرخانی ئابووری کوردستان.
وەک بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان خستیە ڕوو ئەوە یەکەم جار نییە پڕۆژەیەکی ئاوا گەورەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج و پێشتریش چوار جاری تر هێرشی کراوەتە سەر بەڵام یەکەم جارە دەبێتە هۆی پچڕاندنی کارەبا لەسەر خەڵکی کوردستان هەر چەندە زوو توانیان چارەسەری بکەن و کارەبای نیشتمانیی بگەڕێننەوە و سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دابین بکەن.
بەپێی ئامارێک کە ئەو بەرپرسەی سامانە سروشتییەکان خستیە ڕوو ئەو گازەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت نیوەی هەموو گازی بەرهەمهێنراوی عێراقە و نزیکەی سێ هەزار مێگاوات لە کارەبای کوردستان پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت.
کۆمپانیاکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زیاتر پەرەی بە بەرهەمهێنان داوە و لەم دواییانەدا بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگەکە گەیشتووەتە پێنجسەد ملیۆن پێ سێجا و لە پلانی کۆمپانیاکەدایە لە ساڵانی داهاتوودا ئەو قەبارەیەی بەرهەمهێنان بۆ سەرووی حەوت سەد و پەنجا ملیۆن پاشان بۆ یەک ملیۆن پێ سێجا بەرز بکاتەوە.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئێستا کە پلەکانی گەرما دابەزیون کارەبای بەرهەمهاتوو ناتوانێت زۆربەی سەعاتەکانی پێداویستیی خەڵک بە کارەبا پڕ بکاتەوە و بە ناچار ئەو بۆشاییە بەهۆی مۆلیدەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە گەڕەکەکان پڕ دەکرێتەوە کە ژمارەیان دەگاتە سەرووی پێنج هەزار مۆلیدە.

ھەواڵی زیاتر