سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە زاخۆ تا خانەقین یەک هەڵوێستی نیشتمانی

شێرکۆ حەبیب

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو نیشتمانپەروەران هەر لە زاخۆ تا خانەقین بەیەک دەنگ و یەک هەڵوێست کارە تیرۆرستییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ڕیسوا و شەرمەزار کرد کە لە ١٦ ی ئەم مانگە لە ئاکامی هێشکردنە سەر شاری هەولێری تەبایی و پێکەوە ژیان و کردنە ئامانجی خانوادەیەکی تیکۆشەری هەولێر و شەهید بوونی چەندین هاووڵاتی سیڤل لە ئاکامی ئەو کارە دژ بە مرۆڤایەتیە.
بۆ ئیدانەکردنی ئەو کارە جەرگ بڕە و بێ بنەمایە، کوردستانیانی خاوەن هزری نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی گەل و میللەت بەیەک دەنگ لە زاخۆی دەلاڵ و هەولێری قەڵا و منارە و هۆلاکۆ بەزێن دهۆکی ڕەنگین و سلێمانیی هەڵمەت و قوربانی و هەڵبەجەی شەهید تا گەرمیانی ئەنفالکراوی پایتەختی شەهیدان، هەموویان ئەو کارە تیرۆریستیان ڕیسوا و شەرمەزار کرد، و ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریە ئەوەیان سەلماند کە کوردستانیان لە مووشەک و چەکی دوژمنان بەهێزترن، و دوژمنان ناتوانن بە کاری ئیرهاب ئەم میللەتەی خاوەن سەدان داستانی قارەمانیەتی و هەزاران شەهید، سەرشۆڕ بکەن بەڵکو کورد هەردەم سەربەرزە بە شەهیدانی و پێشمەرگە قارەمانەکانی
ئەوەی لە زاخۆ تا خانەقین ڕوویدا ڕووی ڕاستەقینەی میللەتێکی ماف زەوتکراو وخوراو دەخاتە ڕوو، یەک دەنگ و یەک هەڵوێست دوور لە ئینتمای نەتەوەی و ئاینی و مەزهەبی بەڵکو ئینتما بۆ کوردستان کە لە زاخۆ تا خانەقین یەک دەنگ داکۆکی لە مافەکان دەکەن و بەرەنگاری دوژمنان دەبنەوە، هەمووی بەدڵ و بەگیان لەگەڵ هەولێری شاری هەمووانن، هەولێر ئەوەی دووپاتکردوە کە ماڵی هەموو کوردستانیەکە بۆ یە هەموو کوردستانیەک هەڵوێستی جوامێری و کوردایەتیان نواند لە گەڵ ماتەمینی هەولێر.

لە دێر زەمانەوە دوژمنان لەهەوڵی لەناوبردنی کورد و کوردستانن بە هەموو جۆرە چەک و توانایەک، بەڵام بەرانبەر ئیرادەی کوردستانیانی دڵسۆز چۆکیان داداوە و سەرجەم پلانەکانیان پووچەڵ بوونەوە و زیندە بەچال دەکرێن، ئەمڕۆش ئەگەر بەهەر هۆکارێک بێت دوژمنان و دارودەستە خۆفرۆشەکانی ناتوانن ئیرادەی ئەم میلللەتە بێننە لەرزین و لەئاکامدا سەربەرزی بۆ میللەت و خەباتەکەیەتی و سەرشۆڕیی بۆ دوژمنان و خۆفرۆشان.