سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئەگەر تڕامپ ببێتەوە بە سەرۆك پەیوەندی توركیا وئەمریكا چی لێدێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

بەئەگەرێكی زۆرەوە، دۆناڵد تڕامپ، دەتوانێت لە ركابەرە ئافرەتەكەی ناو پارتی كۆماری بباتەوە و ببێتە بەربژێری پارتی كۆماری ئەمریكا، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، كە بڕیارە لە 3ی11ی 2024 ئەنجام بدرێت. هەر لە ئێستاوە، توركیا بە هەستیارییەوە سەیری تابلۆی سیاسی ئەمریكا دەكات و دەڵێن ئەگەر تڕامپ ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، پەیوەندی توركیا و ئەمریكا دەگات بە كوێ؟ چونكە لە سەردەمی تڕامپدا بوو لە خولی پێشووتری سەرۆكایەتی ئەمریكا كە لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار داڕووخا.

راستە رەجەب تەییب ئەردۆغان و دۆناڵد تڕامپ، پەیوەندی نێوانیان وەكوو دوو سەرۆك خۆش بوو، بەڵام هەرگیز ئەردۆغان نەیتوانی لە خولی پێشووتری سەرۆكایەتی ئەمریكا، ئامانجی توركیا بپێكێت، كە دیارترینیان ناساندنی یەپەگە بوو وەكوو رێكخراوێكی تیرۆریستیی، هەروەها كڕینی 70 فڕۆكەی جەنگی F16 بوو لە ئەمربیكا.
بەڵام تڕامپ رێگەیدا توركیا هێرش بۆ سەر عەفرین ئەنجام بدات و بە ئاشكرا گوتی ئێمە نابینە پاسەوانی كوردەكان و هێزەكانمان دەكشێنینەوە، دوای ئەوەی فشارێكی زۆری نێوەدوڵەتیی و میدیایی كرایە سەر تڕامپ، بۆیە بەناچاری هێزەكانی هێشتەوە، بەڵام عەفرین لە دەست دەرچوو و توركیا بەهاوكاری سوپای سووریای ئازاد، شارەكەی داگیر كرد، داگیركردنی عەفرینیش ئەگەر ئۆكەی تڕمپ نەبایە رووی نەدەدا.
ئەوكاتەی توركیا قەشە بڕۆنسۆنی دەستگیر كرد لە 2016، بە تۆمەتی ئەوەی سیخوڕی بەسەر توركیاوە كردووە و پیاوی فوتحوڵا گولەنە، تڕامپ زۆر تووند بوو بەرامبەر بە توركیا و داوای لێكرد ئازادی بكات، ئەردۆغان ئەوكات زۆر بێمنەتانە قسەی كرد و گوتی، دادگاكانی توركیا بێلایەنە و دادگا بڕیاری دەستگیركردنی داوە، لە دەسەڵاتی كەس نییە ئازادی بكات.
تڕامپ گەمارۆی ئابووریی خستە سەر توركیا، بە جۆرێك ئەو گەمارۆیە بووە هۆی ئەوەی لیرەی توركی دابەزین بەخۆیەوە ببینێت بەرامبەر بە دۆلار و لەوكاتەوە تاوەكوو ئێستا، لیرەی توركی نەیتوانیوە خۆی كۆ بكاتەوە و بەردەوام لە دابەزینە.
بۆیە ئاژانسی (دی دبیلیو )ی توركی دەڵێت، نابێت توركیا دڵی خۆش بێت تڕامپ ببێتەوە بە سەرۆكی ئەمریكا، چونكە ئەوە تڕامپ بوو لیرەی توركی گەیاندە ئەم ئاستەی ئێستای.
هەرچەندە بایدن، بەر لەوەی ببێتە سەرۆكی ئەمریكا لە پانێلێكدا دژی ئەردۆغان قسەی كرد و گوتی، پێویستە هاوكاری ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بكەین بۆ لەناوبردنی ئەردۆغان، بەڵام پەیوەندی توركیا و ئەمریكا لە سەردەمی بایدندا باشتر بوو نەك لە سەردەمی تڕامپ، هەر بۆ نموونە، بایدن دەیەوێت لەم خوولەی سەرۆكایەتیدا، رەزامەندی نیشان بدات فڕۆكەی جەنگی F16 بداتە توركیا و هەروەها لە چەند مانگی داهاتووشدا، ئەگەر زۆرە بە فەرمی ئەردۆغان داوەتی كۆشكی سپی بكات و لەوێ لەبارەی گرژییەكانی ناوچەكە گفتوگۆ بكەن، كە بابەتی رۆژئاوا و پەكەكە، سەرەكیترین تەوەری گفتوگۆكانیان دەبێت.
چەند میدیایەكی توركیا، تڕامپ بە مەترسی بۆ جیهان وەسف دەكەن، پێیانوایە نابێت توركیا بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ تڕامپدا ببێتە هاوپەیمان، چونكە ئەو لە مانای هاوپەیمانیی نازانێت و لە هەر ساتێكدا و لە بەرژەوەندی خۆی و ئەمریكا دەتفرۆشێت.
بڕیارە لە 3ی11ی2024، ولایەتە یەكگرتووكانی ئەمریكا بچێتە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، كە پێدەچێت بایدن و تڕامپ بكەونە كێبڕكێ. پێشبینییەكانیش بۆ ئەوەن كە تڕامپ ئەمجارەیان دەیباتەوە، چونكە بایدن وەكوو پێویست لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا نەیتوانی سەرۆكایەتیی ئەمریكا بكات، هەروەها زۆری تەمەنیشی كاریگەرە كە هەڵبژاردن نەباتەوە.