كارزان گلی – ههولێر
هەموو ئەو پرسیارە دەكەن، لەمساڵدا بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار چەند دادەبەزێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارەش نیگەرانیی بۆ گەلی توركیا درووست كردووە، چونكە شڕۆڤەكارانی ئابووریی قسەی خێر لەبارەی لیرەی توركییەوە ناكەن. هەندێك پێیانوایە، لەمساڵدا دۆلار لە توركیا وەكوو مووشەكی لێدێت.
یەك دۆلاری ئەمریكی لە 31 لیرە نزیك دەبێتەوە، بە بەردەوامی بەهای لیرە لە دابەزیندایە، وەكوو ئەوەی پێشبینی دەكرێت، ئەم دابەزینەش تا كۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت.
ئاڵپەسلان چاكار، سەرۆكی ژووری بانكەكانی توركیا، پێیوایە تا كۆتایی ساڵ یەك دۆلار دەكگاتە 40 لیرەی توركی و دەڵێت لەو رێژەیە زیاتر بەرز نابێتەوە، دەشڵێت بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار، هەرگیز رێژەی هەڵاوسان تێناپەڕێنێت.
بەڵام چەند میدیایەكی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، تا كۆتایی ئەمساڵ، یەك دۆلار دەگاتە 60 لیرەی توركی، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر رۆیشتنی وەبەرهێنەرەكان هەیە لە توركیا، هەروەها كاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵكیش دەبێت.
سەلجوق گەچەر، ئابووریناسی توركیا، پێیوایە ئەگەر بێت و محەممەد شیمشەك، وەزیری دارایی و ئابووری توركیا لەكارەكەی دوور بخەنەوە، ئەوكات دۆلار وەكوو موشەكی لێدێت لە توركیا و هەڵاوسانی ئابووریش زۆر بەرز دەبێتەوە.
دەنگۆ هەیە، شیمشەك لە وەزیری دارایی و ئابووریی توركیا لابدرێت، چونكە وەكوو پێویست نەیتوانیوە رێگری لە دابەزینی لیرەی توركی بگرێت، هەروەها سەركەوتوو نەبووە هەڵاوسانی ئابووری كەم بكاتەوە،
سەلجوق قسەی بۆ ماڵپەڕی (ئایدنلیك) كردووە و دەڵێت: ”لەم بارودۆخەی ئێستای ئابووریی توركیا، هیچ كەسێك پارەی خۆی ناهێنێتە توركیا، بەڵام بە پێچەوانەوە پارەی توركیا بۆ دەرەوەی وڵات دەڕوات و ئەمەش داڕوخانی ئابووری بەدوا دێت و دۆلاریش جموجۆڵێكی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.“
وەكوو ئەوەی پێشبینی دەكرێت، لیرەی توركی لە داڕوخانێكی زۆر گەورەدایە و هیچ بەرنامەیەكیش نییە بۆ رێگریكردن لە دابەزینی لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار. وەبەرهێنەری بیانیش پەیتا پەیتا توركیا جێدەهێڵن و پارەكانیان دەبنەوە دەرەوەی توركیا.
ئەم دابەزینە، كاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵك دروست كردووە، بەتایبەت نرخی خۆراك زۆر زۆر گران بووە، بە جۆرێك نرخی یەك سەموون لە توركیا گەیشتە 100 لیرەی توركی.
نرخ لەسەر هەموو شتێك چوار بەرامبەرە، بۆ نموونە خۆراك بەشێوەیەكی بەرچاو گران بووە، هاووڵاتییان هاواریان لێ هەستاوە و دەڵێن ئەگەر دەرچەیەك نەدۆزرێتەوە برسییەتی روو لە توركیا دەكات.
بەگوێرەی زانیارییەكان، تەنیا لە 2024 دا، لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار 30% بەهای خۆی لە دەستداوە، لە دوای ئەرژەنتین و ئێران و لوبنان، توركیایە پارەكەی بێبایەخترین پارەیە لە جیهاندا و پێشبینی دەكرێت زیاتریش بایەخی لیرە بێتە خوارەوە.
یەدەگی پارەی توركیا لە مانگی یەكی ئەمساڵدا بەشێوەیەكی بەچاو كەم بووەتەوە، لە 21 ملیار دۆلار بۆ 15 ملیار دۆلار كەم بووەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە سێ ساڵ بەر لە ئێستا یەدەگی توركیا زیاتر بوو لە 50ملیار دۆلاری ئەمریكی. كاتێك یەدەگی پارەكەشت كەمی كرد، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئابووریی وڵات بەرەو خراپی هەنگاو دەنێت.