خۆ خۆشویستنی بێ مەرج

فاتما مزوری

وەک ژنێک، سەرەڕای ئەو گرفت و لەمپەرانەی بەرەوڕوویان دەبینەوە، گرنگە کە پرسی خۆقبوڵکردن و خۆشویستنی جەستەمان وەک خۆی باس بکەین. لە جیهانێکدا کە بەردەوام بە پێوەرە دەستنەکەوتووەکانی جوانی بۆردومان دەکرێین، لە باوەشگرتنی خۆمان دەبێتە کردەوەیەکی ڕادیکاڵ لە سەرپێچیکردن. خۆشویستنی جەستەمان تەنها ڕەوتێکی زوو تێپەڕ نییە، بەڵکوو خوێندنەوەیەکی جیاوازی ئۆنتۆلۆجیکییە لە بەرامبەر ئەو گێڕانەوە باوەی کە بە سەر باوەڕی گشتیی کۆمەڵگاکاندا زاڵە، خوێندنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە لە هەمبەر ئەو تێڕوانینەی کە پیاوسالارانە و یەک لایەنانە بڕیاری داوە کە ئێمەی ژن دەبێ چۆن دەربکەوین و تەنانەت لەوەش قووڵتر، چۆن هەست بکەین و چیمان بوێ یان نەوێت. کۆمەڵگا بە هۆی ئەو لاربوونە لە ڕەوتی مێژووی تێڕوانین لە ڕەگەزدا، ئایدیاڵێکی ناڕاستەقینە بەسەرماندا سەپاندووە کە مرۆڤی ژیر هان دەدا تا پرسیاری ئۆنتۆلۆژیکییانە بهێنێتە گۆڕێ و دەرفەت بڕەخسێنێت کە بە وردی لە هەموو ناتەواوییەکانمان بکۆڵینەوە. خوێندنەوەی جیاواز لە خۆمان وەک هەین، ئیتر دەرفەتێک بۆ ئەو تێڕوانینە سەقەتە ناهێڵێتەوە کە ئێمەی ژن، بەو جۆرە جوانین کە کەمتر لە کۆمەڵدا دەرکەوین، شەرمێون ڕەفتار بکەین یان ئەم کەموکوڕیانەی کە باوکسالاری پێی باشە لە ژندا هەبێ، لە ژندا ببنە هێمای جوانی و لەبەردڵانبوون و خۆشویستنمان. با ئەمەش لەبیر نەکەین، خۆ قبوڵکردن بە مانای لە خۆڕازیبون نییە، ئەوە دانپێدانانە و خۆ خۆشویستنە بە هەمەجۆریی جەستەمان، کە پەیوەندی بە بەنرخکردنی ئەو چیرۆکانەوە هەیە، کە لەسەر جەستەمان نەخشێنراون. چونکە وەک سیمۆن دێ بۆڤارۆ دەڵێ: جەستە ڕێکەوتێکە کە ئێمە تێی دەکەوین و شتێک نییە کە پێشوەختە خۆمان هەڵمانبژاردبێت. کەوابوو جەستە بابەتێکی ئۆنتۆلۆژیکییە کە هەبوونی (ئێکیستێنسی) ئێمە بەوجۆرە دەنوێنێ و دەسەلمێنێ کە هەین. بۆ ئێمەی ژنی کورد بابەتی ڕێزگرتن و قەبووڵکردنی خۆمان وەک خۆمان، هەروەها نیشاندانی خۆڕاگریمانە لە بەرامبەر سەختییەکان و بەهێزبوون و وەرگرتنی ئەزموونی جۆراوجۆر و دایکایەتی و قبوڵکردنی ڕەسەنایەتیمان، وێڕای ئەو گرفتە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییانەی تر کە ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆ بەسەرماندا سەپێندراون. لەم سۆنگەوە پێویستە کە ژنی کورد دەست بە شۆڕشێک بکات کە پڕ بێت لە پەیام و دۆزینەوی هێزی خۆ قبولکردن و شەڕکردن لەگەڵ باوەڕ و چاوەڕوانییە ناڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەدا. پێویستە کەشێک دروست ببێ کە لەودا ڕێز لە شێوە و قەبارە و ڕەنگ و توانا جۆراوجۆرەکان، نەک هەر لە ژن، بەڵکە لە هەموو چەشنەکانی تری ڕەگەز و هەروەها ئایین و نەتەوەیی دیکەش وەربگیرێت. کەوابوو با تەحەدای دۆخی ئێستا بکەین بە پەروەردەکردنی کولتوورێکی نەرمی پڕ لە میهرەبانی و خۆ قبوڵکردن، کولتوورێک کە بەهای بوونمان نەبەسترێت بە ڕواڵەتەوە، بەڵکوو بە دەوڵەمەندی دڵ و دەروونمان ببەسترێتەوە.

ھەواڵی زیاتر