چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا راگه‌یه‌نراوێك له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆڕ له‌ شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كرد لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ بكه‌ن و هێرشكه‌ره‌كان رووبه‌رووی یاسا بكه‌نه‌وه‌.

ماتیۆ میله‌ر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند: ئەمەریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی دوێنێی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی کۆرمۆر دەکات کە لەلایەن گرووپ و میلیشیاكانی سەر بە ئێران ئه‌نجامدراون.

راشیگه‌یاند: هێرشه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی لەکارخستنی ژێرخانی مه‌ده‌نی و راگرتنی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سەرتاسه‌ری هەرێمی کوردستان.

ماتیۆ میله‌ر هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا: جارێکی دیکە پشتیوانی خۆمان لە هاوبەشانمان لە عێراق و لە نێویاندا هەرێمی کوردستان دەکەینه‌وه‌ لە دژی ئەو کردەوە دڕندە و بێ مانایانە.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا داواشی لە دەسەڵاتدارانی عێراق كرد لێکۆڵینەوە له‌ هێرشه‌كه‌ بکەن و ئەوانەی بەرپرسیارن رووبەڕووی یاسا بکەنەوە.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئەمه‌ریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردن له‌ سەروەریی و ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق.

شەوی ڕابردوو لە ڕێگه‌ی دڕۆنه‌وه‌‌ هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆڕمۆر لە شارۆچكه‌ی چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگه‌ی سلێمانی و به‌هۆیه‌وه‌ کارەکانی کێڵگەکە راوه‌ستێنرا.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌‌ ” شه‌وی رابردوو‌ كاتژمێر 10:22 هێرشكرایه‌ سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆڕمۆڕ‌، به‌هۆی هێرشه‌كه‌ هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا‌، ئەمەش بووە‌ هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2 هەزار و 800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا