دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 5.2 پلەی رێختەر لە مەلەتی روویدا

بوومەلەرزەیەك بەگوڕی 5.2 پلەی رێختەر لە ناوچەی مەلەتی کەونی مەلەتی باکووری کوردستان روویداوە و قوڵاییەکەی 13.93 کیلۆمەتر بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (25ـی کانوونی دووەمی 2024) ئاژانسی کارەسات و بەڕێوەبردنی باری لەناکاوی تورکیا “ئافاد” رایگەیاند، کاتژمێر چوار و چوار خولەک بوومەلەرزەیەك بەگوڕی 5.2 پلەی رێختەر لە ناوچەی مەلەتی کەونی مەلەتی باکووری کوردستان روویداوە و قوڵاییەکەی 13.93 کیلۆمەتر بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان بوومەلەرزەکە لە تەواوی مەلەتی و پارێزگاکانی دەورووبەری هەستی پێکراوە. لەلایەکی دیکەوە ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئەورووپا رایگەیاندووە، بوومەلەرزەکە گوڕەکەی 5.5 پلەی رێختەر بووە.

لەلایەن خۆیەوە، عەلی یەرلیکا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکرایکرد، ئەو بوومەلەرزەیەی لە مەلەتی روویدا، ئێمە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەیەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هیوای سەلامەتی بۆ هاووڵاتیانمان دەخوازم کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، خوای گەورە وڵات و میللەتەکەمان لە کارەسات بپارێزێت”.

پسپۆڕێکی بوومەلەرزەش بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندووە، ئەوەی روویداوە بوومەلەرزەیەکی نوێیە و پێشبینی دەکرێت چینێکی دیکە لەیەکترازاوە و ئەگەری پاشلەرزە بە گوڕی 4.5 پلە لەئارادایە، تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک لەبارەی بوونی زیانی گیانی و ماددی نەدراوە.