دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

لە چوار ساڵدا، 440 پرۆژەی ڕێگەوبان بە گوژمەی 909 ملیار و 927 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، بە گوژمەی 909 ملیار و 927 ملیۆن دینار، 440 پرۆژەی ڕێگەوبانی لە سەرجەم كوردستان جێبەجێ كردوون و ئەمەش دروستكردن و نوێكردنەوەی هەزار و 645 كلیۆمەتر ڕێگە بووە.
د. ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، 440 پرۆژەی ڕێگەوبان دروست كراون، 65 پرۆژەی لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بووە، 171 پرۆژەی بچووك و مامناوەندیش لەسەر بودجەی ئاسایی بووە، 204 پرۆژەش لەسەر30%ـی داهاتەكانی كێشكردن بووە. پرۆژەكان جۆراوجۆرن، وەكوو دروستكردن و نۆژەنكردنەوە، هەروەها 250 كیلۆمەتر ڕێگە دووساید كراوە.”
گوتیشی: “ئەو پرۆژانە زۆربەی، لەلایەن كۆمپانیاكانی ناوخۆییەوە جێبەجێ كراون، چونكە شارەزایی و ئەزموونێكی باشیان لەو كارانەدا پەیدا كردووە. لە ئاییندەشدا تەكنەلۆژیای تازە و پۆلیمەر بەكار دەهێنین، وە سیستەمی سوپەر پیف و تەكنەلۆژیای بەكارهێنانەوەی قیری كۆن بەكار دەهێنین.”
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرباری قەیرانە داراییەكانی، لە پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە نەوەستاوە و بەردەوام كاری بۆ پێشخستنی ئەو خزمەتگوزارییانە كردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری