ناڕەزایەتی ھاووڵاتییانی کوردستان دژی ھێرشەکەی سەر ھەولێر بەردەوامە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

کوردستانیان دژی ھێرشەکەی ئێران بۆ سەر ھەولێر خۆپیشاندانیان کرد و بە ئاڵای کوردستان و بەرزکردنەوەی دروشم وێرای سەرکۆنەکردن داوایان کرد ھێرشەکان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بوەستێنرێن، چونکە گەلی کورد خۆی ڕادەستی ویستی ھیچ ھێزێکی داگیرکەر ناکات. ھەروەھا داوای یەکھەڵوێستی و یەکگوتاری سیاسی جەماوەری دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشی ناحەزان و ڕەتکردنەوەی ھەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان.

کوردستانیان لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ ھەولێر ڕژانە سەر شەقام و دروشمی ئاشتییان بەرزکردەوە و ھاوخەمی و ھاوسۆزی خۆیان بۆ قوربانیانی ھێرشەکە دووپات کردەوە و بە یەک دەنگ دژی ھێرشەکانی ئێران وەستان و بە ئامانج گرتنی ماڵی ھاووڵاتییانی سڤیل شەرمەزار کرد، ھاووڵاتییان ھێرشە مووشەکییەکە بە ھێرشێکی مەترسیدار بۆ سەر ئاسایش و ئابووری ھەرێمی کوردستان دەزانن، پەیامی کوردستانییان ئاشتی و تەبایی ناوی ماڵی کوردی و ئیدانە و شەرمەزارکردنی ھێرشی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان بوو.
لە خۆپیشاندانەکاندا ژن و پیاو، گەنج و پیر و جوان بەشداریان کرد و ھەڵوێست و بەرپرسیارەتی نەتەوەیەتی خۆیان بەرامبەر دەستدرێژی سەر خاکی کوردستان کە ھەر جارێک خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج دووپات کردەوە.
پەرلەمانی عێراق ئامادەکاریی بۆ دانیشتنێکی تایبەت بە ھێرشەکەی ئێران بۆ سەر ھەولێر دەکات، بڕیارە لە دانیشتنەکەدا ھەریەک لە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانی دیکە ئامادەبن. پەرلەمانتارانیش، دەڵێن: ڕێککەوتنی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێراندا ھەیە و پێویستە پێوەی پابەندبن و دەستی پێوەبگرن. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئێمە خۆمان لەنزیکەوە سەردانی شوێنی ڕووداوەکەمان کرد و بۆمان دەرکەوت ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج ماڵی ھاووڵاتییەکی مەدەنییە و خەڵکی سڤیل و بێ تاوان بوونەتە قوربانی و شەھید و برینداربوونە، بۆیە بۆ ھەمووان ڕوونە ئەوەی ئێران باسی دەکات ڕاست نییە.
شەوی ١٥-١-٢٠٢٤ سوپای پاسدارانی ئێران بە ١١ مووشەک ھێرشی کردە سەر شاری ھەولێر و زیاتر لە نیوەیان بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن، بەوھۆیەوە پێشڕەو دزەیی، منداڵێکی و ھاوڕێیەکی گیانیان لەدەستدا، بەپێی لێدوانی بەرگریی شارستانیی ھەولێر، چارەنووسی دایەنەکەی ژینا نادیارە تاوەکو پشتڕاست دەکرێتەوە لە ھێرشەکەدا کوژراوە، ھەروەھا ١٧ کەسیش بریندار بوون.
زیرەک شەریف، ھاووڵاتییەکی دھۆکە، دەڵێت: دەتوانن مووشەکبارانمان بکەن، بەڵام ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن، بۆیە داوا لە ھەموو کوردستانییان دەکەم بێنە سەر شەقام، بۆ ئەوەی ھیچ کەس و لایەنێک نەتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر نیشتمانەکەمان.
ئەو ھاووڵاتییە، دەشڵێ: بە دۆست و دوژمنانی کوردستان دەڵێین، گەلی کورد خۆی ڕادەستی ویستی ھیچ ھێزێک ناکات، بۆیە پێویستە ئێران ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە بگرێت.
مامۆستا و قوتابییانیش بە دروشمی کوردستان ھەر دەمێنێت پەیامیان ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، زەھرا حوسێن، کە قوتابی زانکۆی سۆرانە، گوتی: سەرکۆنەی ئەم ھێرش و پەلامارانە دەکەین کە دەکرێتە سەر ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، پێیان دەڵێین ئێوە بەوە کارە تیرۆریستییانە ناتوانن ھەرگیز کورد لەناو ببەن.
چالاکوان وریا ئەحمەد، لە زاخۆ، ئاشکرای کرد: ئەو ھێرشەی کراوەتە سەر ھەولێر، ھێرش کراوەتە سەر مرۆڤایەتی، ئەو جەماوەرەی ھاتنە سەر شەقام دژی ھێرشەکەی ئێران بۆ سەر ھەولێر، دڵیان بۆ ئازادی دەکوڵا.
مامۆستا ژوولیا مەحموود، لە ئیدارەی ڕانیە، ڕایگەیاند: ئەو ھێرشەکەی کراوەتە سەر ھەولێر، بەتەنھا ھێرش نەکراوەتە سەر پایتەخت، بەڵکو ھێرش کراوەتە سەر ھەموو کوردستان، ھێرش کراوەتە سەر ھەموو ئەوانەی بە دەنگی بەرز دەڵێن دەمانەوێت بە ئازادی بژین، دەمانەوێت وەک مرۆڤ بژین و لە ئاست وڵاتانی پێشکەوتووی جیھان بین.
مووشەکبارانی ھەولێر بێ پاساو دەرخەری ئەوەیە دۆخی سیاسی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێکی نوێ ھەنگاودەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە لە ھەموو کات زیاتر ئێستە کورد پێویستی بە یەکگوتاری لایەنە سیاسییەکان ھەیە، بەشێک لە لایەنەکان لەم دۆخەی کە ئێستە ھەیە خاوەن بڕیاری خۆیان نین، ئەوەش گرفتی بۆ بەردەم یەکڕیزی دروست کردووە. چالاکوان و چاودێرانی سیاسی، دەڵێن: میللەتی کورد ھەر لە زاخۆوە تا خانەقین، ئەگەر منداڵێک لە زاخۆ لە ئێش و ئازاردا بێت، خەڵکی ھەڵەبجە و خانەقین ھەستی پێدەکەن، بە پێچەوانەوەشەوە ھەر وایە، ئەوە نیشانەیەکی گرنگ بوو بۆ یەکریزی و تەبایی خەڵکی کوردستان، بێگومان خەڵکیش دەبێتە ھەوێنی یەکڕیزیی لایەنەکان، ئەگەر نەھامەتی نەتکاتە برا و یەکڕیزت نەکات، ئەو کاتە دوژمن و نەیاری ئەو قەوارەیە بە چ زمانێک پێت بڵێت کە یەکڕیز و تەبا بیت، بەداخەوە لەو نەھامەتییە کورد یەک گوتاری نەبوو، دیارە دەستی دەرەکی و ئەو ھێزە دەرەکییە توانای ماوە درز بخاتە نێوانیان، یاخود سوود لە درزەکان وەردەگرێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، میللەتی کورد دەبێت یەکڕیز بێت، ھیچ شتێکیش لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و خاکی پیرۆزی کوردستان نابێت، گرنگتر بێت، جگە لە یەکڕیزی، ھیچ ڕێگایەکی دیکەمان نییە، با لایەنەکان شت لە یەکتر قەبووڵ بکەن، چونکە ھیچ شتێک تەنازول نییە بۆ یەکدی. سەعید سەلیم، بەرپرسی لقی ٤ی پارتی لە سلێمانی، ڕایگەیاند: ئێمە بە ھەموو یار و نەیارانمان دەڵێین لە ڕابردوو زەبر و زەنگ و تۆقاندن و کیمیاباران و ئەنفال ئیرادەی خەڵکی پۆڵاینی کوردستانی نەلەرزاند، ئێستەش بە دڵنیاییەوە مووشەک و درون و ھەر شتێکی دیکە بێت، سەری بەرزی ئەو نەتەوەیە دانانەوێنێت.

ھەواڵی زیاتر