لەهەولێر؛ مەراسیمی ڕێزلێنان بۆ هونەرمەندی کورد(محەمەد عەباس بەهرام) بەڕێوەچوو

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

دوێنێ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە هەماهەنگی دەزگای سەتەلایتی کوردستان، بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و کەسانی حزبی و حکومی، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی لە بەخشش و ئەزموونی هونەرمەندی کورد (محەمەد عەباس بەهرام) ئەنجامدا.

لە مەڕاسیمەکەدا، فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، گوتی: بەخێرهاتنی هەموو میوانە قەدرگرانەکان دەکەین، هونەرمەندە ئازیزەکانی کەرکوک، لە گەرمە و ترپەی دڵمانەوە بەخێربێت بۆ هەولێری پایتەخت و بۆ مەڕاسیمی ڕێزلێنان لە هونەرمەندی گەورە و پڕ ئەزموون محەمەد عەباس بەهرام. بەناوی خۆم و کاک ئاریان سەلاحەددین بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری، پڕ بەدڵ بەخێرهاتنتان دەکەین و ئێوارەی هەولێرتان لێ شاد دەکەین. ئەگەر دوژمنانی کورد هەر لە دێرزەمانەوە بە تانک و زریپۆش و موشەک گولەبارانمان بکەن، بەڵام ئێمەیش بە گۆرانی و بە مۆسیقا وەڵامیان دەدەینەوە، ئەگەر ئەوان چەکی بەهێزیان هەبێ، ئێمەیش ئیرادە و پێشمەرگە و ئەدەب و هونەر و کولتوورمان هەیە. ئەمڕۆ هەولێری پایتەخت خۆشحاڵە بەوەی ڕێز لە بەخشش و ئەزموون و خۆشەویستی و کارکردن دەگرێ کە نزیکەی نیو سەدە زیاتر لە بواری ئاواز و گۆرانی و ڕۆشنبیری کوردی هەوڵی داوە ئەوەیش مامۆستای هێژامان کە دووساڵە بەنیازین لە دوورە وڵاتەوە بیهێنینەوە ناو هەولێری پایتەختی کوردستان و شارستانیەت و قارەمانییەت و هەولێری هۆلاکۆ بەزێن، ئەمڕۆ لەسەر فەرشی سوور پڕ بەدڵمان بەخێرهاتنی دەکەین و پێی دەڵێین بان چاومان هاتی مامۆستای هێژا، تۆ هەمیشە کوردستانی بووی، تۆ لە کەرکوکی دڵی کوردستانەوە ئێمەت جۆش دەدا و بە ناسنامە و کولتوورمان پێمانت دەوت کوردستان وڵاتی ئاوەدانییە، ئێمەیش خۆشحاڵین وەکو وەزارەتی ڕۆشنبیری، وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری هونەری هەولێر، دەمانەوێ گوێ لەهەموو ئەو توانایانە بگرین کە ڕۆژگارێک خزمەتیان کردووە، چونکە ئێمە لەوانەوە فێربووین و لەوانەوە ئەزموونی کوردایەتی فێربووین. هەمیشە گەورەکانمان، بەتایبەت سەرۆکی حکومەت ڕێزدار کاک مەسروور بارزانی کە پێمان دەڵێت ئێوە دەبێت خزمەتکاری کەسەکانی خۆتان بن، دەبێ هەستنە سەرپێ بۆ ئەو کەسانەی کە خزمەتیان کردووە. ئێمەیش لێرە ئەوە دووپات دەکەینەوە کە دەبین بە پێشمەرگەیەکی خزمەتکار بۆ ئەوەی ئێوە هەمیشە بە ڕووناکی دونیا ببینن. هەولێر دەرگای کراوەتەوە، چ هەولێری و چ ئەوانەی دانیشتووی هەولێرن، وە لە هەرچوار پارچەی کوردستان ئێمە بە هەولێری دەزانین. لەکۆتاییدا بەخێرهاتنێکی گەرمتان دەکەم و هیوادارم کات و ساتێکی خۆش هەم لە کۆنسێرت و هەم لە خەڵاتەکان ببینن
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: سەرەتا بەخێرهاتنی هەموو میوانە ئازیزەکان دەکەم. ئەمڕۆ هەولێر بە شکۆ و شانازییەوە ڕێز لە هونەرمەندێک دەگرێت کە شایەنی ڕێز و تەقدیرە. دڵخۆشین بەوەی کە لەناو هەموو ئەو ناخۆشی و ناسۆریانەی بەتایبەتی لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەسەر وڵاتەکەمان و بەسەر شارەکەمان داهات، ئەوە مانای ئەوەیە ئەگەر دووژمنان تۆپ و تانک و موشەکی بەهێزیان هەبێت، بەڵام گەلی ئێمەیش ئیرادەی بەهێزی هەیە، نە لە تۆپ و نە لەتانک و نە لە کیمیاباران و ئەنفالی دوێنێ خۆی نەچەماند و چۆکی دانەدا و بەرامبەر هەموو نەیارەکانی دەوەستێتەوە. ڕێزگرتن لە هونەرمەندان، وە ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە شایەنی ڕێزن، لەهەموو بوار و مەجالەکاندا، ئەوا نەریتێکی هەولێر و هەولێرییەکانە، من لێرەوە دەست خۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی ڕوشنبیری و وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەزگای سەتەلایتی کوردستان تیڤی دەکەین، کە ئەمڕۆ ئەو هونەرمەندە گەورەیەیان هەڵبژاردووە و ڕێزی لێ دەگرن، ئەو هونەرمەندە گەورەیەی کە لەڕووی چەندایەتییەوە گرینگی پێ نەدراوە لەڕووی بەرهەمەکانی، بەڵام لەڕووی چۆنایەتییەوە کە ٣٠ بەرهەمی هەیە، هەمووی بە زیندوویی دەمێنێتەوە، وە جیل لەدوای جیل، یادگاریان لەگەڵ گۆرانییەکانیدا هەیە و لە زاکیرەیان دەمێنێتەوە. محەمەد عەباس کورێکی لەدایکبووی شاری کەرکوکی خۆشەویستە، هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەر و ژانەرەکانی هونەر دەبێت، سەرەتا بە وێنەکێشان دەست پێ دەکات و دواتر دەبێتە هونەرمەندێکی ئەکادیمی و پەیمانگای هونەرەجوانەکان تەواو دەکات و دوای ئەوەی ڕوو لە تاراوگەش دەکات، دەستبەرداری خەونەکانی نابێت و دەبێتە کەسێکی ئەکادیمی و ماستەر لەبوارەدا تەواو دەکات. بەرهەمەکانی بە زیندوویی دەمێنێتەوە و مامۆستاش بە گەورەیی لەناو دڵی ئێمەدا جێگای بۆتەوە، هیوای تەمەن درێژی و تەندرووستیەکی باشی بۆ دەخوازین. هەولێر پایتەختە و تەنیا هی هەولێر نییە، هەولێر باوەش بۆ هەمووان دەکاتەوە و تەنیا هی هەولێرییەکان نییە و هی هەموو کوردستانە، لە ئێستاشدا کە ئەو کارەساتەی بەسەر شاری هەولێر داهاتووە، هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان و تاراوگە لەگەڵمانن و هاوخەممانن، ئەوە دەرخەری ئەوەیە کە خەڵکی هەموو کوردستان هاوخەمی هەولێرن و کە هەولێر خاکێکی پڕ لە باوەش و بەسۆز و میهرەبانییە. لەبواری داهێنانیش هەولێر بووەتە ئەو مەڵبەند و سەکۆیەی کە هەموو هونەرمەندان و نووسەر و ئەدیب و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەڤانان، لەو شارەدا زەمینەیان بۆ ڕەخساوە و لە داهێنانەکانی خۆیاندا جێپەنجەی خۆیان جێهێشتووە و بوونەتە ئەو ژمارە قورس و بەهێزەی کە خەڵکی کوردستان شانازی پێوە دەکات. ئەمڕۆش بەشانازییەوە هونەرمەندێکی لەدایکبووی هەولێر و ئێستاش لەتاراوگە دەژێت، هەولێر ئەو هونەرمەندەی لەباوەش گرتووە و جێگای ڕێز و تەقدیرە، کە ماوەی دوو ساڵە ئەو بەرنامەیە هەبووە کە ڕێز لەو هونەرمەندە بگیرێت. دووبارە هیوای تەمەن درێژی بۆ هونەرمەندی ئازیز دەوازم و بەخێرهاتنی هەموو لایەکتان دەکەم.
هونەرمەند محەمەد عەباس بەهرام، دەربارەی مەڕاسیمی ڕێزلێنانەکەی گوتی: بەخێرهاتنی هاوڕێیانی ئازیز و هونەرمەندانی خۆشەویست دەکەم. ژیانێکی ڕابردووی درێژمان هەیە لەگەڵ مامۆستا و هونەرمەندی گەورەی کورد ئەحمەد سالار، هەروەها هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا وریا ئەحمەد، وە مامۆستای کۆچکردوو کە لەجێگای باوکی من بوو ئەویش مامۆستا عەلی مەردان. ئێوە نازانن کە ئێستا دڵی من چەند شادە و چەند دڵم بە ئێوە خۆشە و هەست دەکەم تازە لەدایک بووم، هەست دەکەم کەسم هەیە و هەموو خۆشەویستان لە دەوری منن. ئەم ئێوارە کوردییە و هەموو کات و ساتێتان هەر شاد و کامەران بێت، بە وجودی جوانی ئێوەی ئازیز و خۆشەویست، لە چاوە جوانەکانتاندا وجودی خۆم دەبینم. بۆیە من هەمیشە نزاتان بۆ دەکەم. دووبارە هەموو لایەکتان بەخێربێن و پێتان دەڵێم زۆر دڵخۆشم بە ئێوە، هەست بە دڵخۆشییەکی یەکجار زۆر دەکەم ئەمرۆ لە شاری هەولێری خۆشەویستەوە.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ (محەمەد عەباس بەهرام) لە ساڵی ١٩٥٢ لە گەڕەکی تەپەی مەلا عەبدوڵای کەرکووک لەدایک بووە، لە سەرەتای حەفتاکاندا بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدای تەواو کردووە، تا ئێستا نێزیکەی ٣٠ گۆرانیی تۆمارکراوی هەیە، لە چەندان ئاهەنگ و فێستیڤاڵی هونەریی کوردی لەدەرەوەی کوردستان بەشداریی کردووە، لەڕووی میوزیکەوە پیانۆژەنێکی بەتوانایە و لە گۆرانیشدا بەبەرجەستەکردنی ستایلی ڕۆئاوایی هەیە. دوای ساڵانیک لە دەرەوەی کوردستان، چەند ڕۆژێکە گەڕاوەتە کوردستان و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە هەماهەنگی دەزگای سەتەلایتی کوردستان، خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێشکەش کرد

ھەواڵی زیاتر