هۆکارە سەرەکییەکانی کەمی گەشەی منداڵان چییە؟

کاتێک منداڵان سیستمی خواردنیان ناڕێک و پێک بێت و خواردنی تەندروست نەخۆن دەبێتە هۆی ئەوەی گەشەیان دوابکەوێت و کێشی لەشیان کەم بکات، پێویستە لەشی منداڵ بری ئەو کالۆریە وەربگرێ کە پێویستی پێیەتی و پشکنینی تایبەتی کێش و بڵای لەلایەن دکتۆرەوە بۆ بکرێت تاوەکو بگەیەنرێتە کێشی و باڵای ئاسایی. ئەگەر هات و هەوڵی چارەسەرکردنی نەدەیت، ، ڕەنگە درێژە بکێشێت و ببێتە هۆی دروست بوونی نەخۆشیتر.

دکتۆر جوانە حەمە ساڵح، پسپۆر لە نەخۆشی گەشەی منداڵان گوتی: دواکەوتنی گەشەی منداڵ پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەیە وەکوو، هۆکارە ژینگەییەکان و پێدانی شیری قوتو لە جیاتی شیری دایک و بەردەوام بوونی منداڵ لە شیر خورادن دوای تەمەنی دیاری کراو و نەخواردنی خۆراک بە شێوەیەکی تەندروست و خواردنەوەی شیر لە کاتی جیاوازدا و هەروەها هەندێک کات لایەنی دەروونی کاریگەری زۆری لەسەر گەشەی منداڵ هەیە وەکو بێ باوک و دایکی و نەبوونی هۆشیاری لە لایەن دایک و باوکەوە بۆ پەروەردە کردنی منداڵەکەیان، هەروەها ڕەنگە هەندێکیتر لە هۆکارەکان پەیوەندی بە جۆرەکانی هەستیارییەوە هەبێت بە تایبەت بەرامبەر خواردن، یاخود ئەو نەخۆشیە زگماکیانەی منداڵ هەیەتی، یاخود نەخۆشی شەکرە. زۆر هۆکار هەیە کە دەبێتە هۆی دواخستنی گەشەی منداڵ بەڵام، پێویستە لە کاتی هەست کردن بەم حاڵەتە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت و پشکنینی تایبەت ئەنجام بدەیت تاوەکو چارەسەری بۆ وەرگریت.
زیاتر گوتی: پێویستە خواردنەكان بۆ منداڵان تەندروست و ڤیتامین دار بن، بەرێژەیەكی كەم بێت و ماوەی سێ رۆژێك لەسەر ئەو خۆراكە بەردەوام بێت تابزانرێت منداڵەكە بەچ خواردنێك هەستیارە و پێناكەوێت تا دوربكەونەوە لە پێدانی بەمنداڵ. ئەم خواردنانە كاریگەری لەسەر گەشەی منداڵ دەكات، چونكە خواردنە بەسودەكان ڤیتامینات و مادەی ئاسن و هەندێ سەرچاوەی پڕۆتیناتی پێویستن بۆ گەشەی منداڵەكە هەندێ خوێ تایبەتن كە بۆ زیندەچالاكیەكانی لەش پێویستە، هەموو ئەم خواردنە بە رێژەیەكی دیاریكراو كاریگەری لەسەر جەستە و مێشكی منداڵەكە هەیە، خەو وەك باشترین سەرچاوە بۆ گەشە، خەو یەكێكە لەبنچینە سەرەكیەكانی گەشە، كە كاریگەری راسەوخۆی لەسەر گەشەی منداڵ هەیە، هۆڕمۆنی گەشە لەكاتی خەودا زیاتر دەڕێژرێت، باشترین كاتی خەوتن لەنێوان ٨ ئێوارە بۆ ٦ی بەیانیە، ئەو ماوەیە زۆر باشە بۆ گەشەی منداڵ، باشتر وایە دایكان و باوكان منداڵەكانیان زوو بخەوێنن. هەر شتێك لە شروب یان قەترەی خەو بێ بۆ خەوتنی منداڵ بەكاربێت باش نیە و كاریگەری لەسەر گەشەی مێشكی منداڵان هەیە. زۆربەی جار جۆری بەخێوكردنەكە هەڵەیە، هەروەها جۆری شیر پێدانەكەی بەتایبەت ئەوانەی شیری قوتو دەدەنە منداڵەكە، چونكە هیچ شیرێك ناگات بەشیری دایك، ئەو پێكهاتانەی لەشیری دایكدا هەیە زۆر باشترە لەوەی لەشیری قوتودا هەیە. هەر بۆیە زۆربەی جار كێشەكە لەخواردنەكاندایە نەك منداڵەكە، بۆ ئەمە رێنمایی دەدرێت بەدایكەكە، یان كەمی ڤیتامینەكانە لەجۆری ئەو خواردنانەی وەریگرتووە، ئەو نەخۆشیانەی لەماوەی دیاریكراوی شەش مانگی یەكەمدا یا دووەمیدا توشیبوە وایكردوە گەشەی دابەزێت، ئەگەر زانرا منداڵەكە كێشی باش نیە و بەدوای هۆكارەكە دەگەڕێت كە دۆزیتەوە چارەسەری پێویستی بۆ دەكرێت كەلە ٪٨٠ هۆكارەكان دەزانرێت.
ئەو دکتۆرە باسی هەندێک لە هۆكاری كورتە باڵایی دەکات و دەڵێ: زۆربەی جار هۆكارەكەی بۆماوەییە، هەروەها كەمی هۆرمۆنی گەشە، ئەم حاڵەتە لە ٤٠٠٠ كەسدا یەك كەس توشی دەبێت. كەمی هۆرمۆنی غودەی دەرەقی. بەدخۆراكی. نەخۆشیە درێژخایەنەكان وەك نەخۆشی گورچیلە و نەخۆشیە درێژخایەنەكانی كۆئەندامی هەرس و نەخۆشی رۆماتیزم و نەخۆشی سەلەسیمیای گەورە. حاڵەتە دەروونیەكان وەك خەمۆكی درێژخایەن. نەخۆشیە كرۆمۆسومیەكان وەك كونیشانەی داون و تێرنەر. هەندێ نەخۆشی لە كاتی دووگیانی وا دەكات منداڵەكە بچووك دەرچێت وەك نەخۆشی زەخت و شەكرە و كەمخوێن و كەم خۆراكی. نەخۆشی كەمی هۆرمۆنی گەشە، ئەم حاڵەتە بە پشكنینێك تایبەت دەسنیشان دەكرێت كە تەنیا لە بەشی گەشەی باڵا دەكرێت. گەر بەهەر هۆكارێك لە كاتی دووگیانی منداڵەكە بچووك بوو وە تا ٤ ساڵی گەشەی باڵای منداڵەكە بە پێ پێویست نەبوو. نەخۆشی عجزی گورچیلەی درێژ خایەن. نەخۆشی كۆنیشانەی تێرنەر.
هەر بۆیە لەم حاڵەتەدا لە بەشی گەشەی باڵا لە نەخۆشخانەی منداڵان فایلی تایبەتی بۆ دەكرێت ئینجا لە وەزارەتی تەندروستی بڕی پێویستی دەرزی هۆرمۆنی گەشەی بۆ دابین دەكرێت، بەكارهێنانی ئەم دەرزیە لە ٥ بۆ ١٥ ساڵیە. بۆیە تكایە بێ راوێژیی بەشی گەشە ئەم دەرزیە بەكار مەهێنن تا دووربیت لە دەرەنجامە خراپەكانی ئەم دەرزیە.

ھەواڵی زیاتر