هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بەرپرسێکی پارتی لە وڵاتی میسر ئامادەی ئاهەنگی ڕۆژی نیشتمانی بەحرەین بوو

بە داوەتێکی فەرمی هەردوو رێکخراوی بەحرەینی (وتەی باش و خۆبەخشانی عەرەب) بۆ پەرەپێدانی مرۆیی، شێرکۆ حەبیب بەرپرسی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی میسر ئامادەیی ئاهەنگی رۆژی نیشتمانی دەوڵەتی بەحرەین بوو کە لەلایەن هەردوو رێکخراوی ناوبراو لە باڵه‌خانەی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە سازکرا.

بەرپرسی مەکتەبی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی سەرکردایەتی حزبه‌كه‌ی بۆ گەلی بەحرەین گەیاندە هیشام بن محەمەد ئەجودەر باڵوێزی بەحرەین لە قاهیرە، هیواشی خواست پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کوردستان پەرەی زیاتری پێ بدرێ.

له‌به‌رامبه‌ریشدا باڵوێزی بەحرەین سوپاسی ئامادەبوونی بەرپرسی مەکتەبی پارتی کرد بۆ بەشداریکردن و پیرۆزبایی و هیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان بایەخی پێ بدرێت.

هەر لە میانەی ئەو بۆنەیەدا، بەرپرسی مەکتەبی پارتی چاوی کەوت بە چەندین کەسایەتی ئامادەبووی بۆنه‌كه‌ كه‌ چەندین سیاسەتمەداری میسری و عەرەبی ئامادەی بوون لەگەڵ چەند قوتابییەکی کورد لە زانکۆی ئەزهەر.