ڕۆژی چوارشەممە24ی کانونی دووەمی2024 ، بەئامادەبونی بەڕێوەبەری گشتی هاتوچۆی هەرێم و هاتوچۆی هەولێرو بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری، لەمەراسیمێکدا تێبینەرایەتی باجی ئۆتۆمبێل لە کۆمەڵگای هاتوچۆی هەولێر کرایەوە.
ئامانج لە کردنەوەی ئەو تێبینەرایەتیە کەمکردنەوەی ڕۆتین و کارئاسانییە بۆ هاوڵاتیان کە لەمەودوا سەرجەم مامەڵەکانی باجی ئۆتۆمبێل لە ڕێی سیستەمی ئەلکترۆنی و بەکاتێکی کەمترو شەفافتر مامەڵەکان ڕایی دەکرێن.
لای خۆشیەوە دکتۆر کەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتی باج و خانوبەرەی میری هەرێم ڕایگەیاند یەکێک لە کارنامەکانی کابینەی نۆیەم چاکسازی و کەمکردنەوەی ڕۆتینە لە دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم، کردنەوەی ئەم تێبینەرایەتیە خزمەتێکی گرنگە بە پرۆسەی چاکسازی و بەم نزیکانە هەمان بەش لەسلێمانی و دهۆک دەکرێتەوە ، هاوکات باجی کەمتر لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت و چەندین بارگرانیان لەسەر کەمدەکرێتەوە کەپێشتر لە بواری پاکانەی باج دەبوایە لەیەک کاتدا پاکانەیان بۆ سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانە بکردایە کە بەناویانەوە تۆمار بوو، بەڵام لەمەودوا تەنها پاکانەی باجی ئەو ئۆتۆمبێلە دەکەن کە مامەڵەی لەسەر دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و خانوبەرەی میری ڕونیشیکردەوە ئەو سیستەمە ئەلکترۆنیەی لەو تێبینەرایتیە کاری پێ دەکرێت بەتەواوی ڕێگری لە ساختەکاری دەکات و کۆتایی بەسیستەمی خەمڵاندنی باجی ساڵانە دێنێت کە هاوڵاتیان جاروبار ڕەخنەیان لەسەری هەبوو، هاوکات کێشەی باجی ئۆتۆمبێلی ئەو هاوڵاتیانە چارەسەر دەبێت کە ئوتومبێلیان لە هاوڵاتیانی دانیشتوی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق کڕیوەو بەناوی خۆیان تۆماریان کردووەو پابەندی دارایی زۆریان لەسەر کەڵەکە بووە