ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەم بە مەبەستی خستنەڕوو و پەسندکردنى پلان و بەرنامەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 و پتر خزمەتکردنى هاووڵاتییان، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونى ئەندازیار عەلى ڕەشید سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و سەرجەم بهڕێوهبهر و قائیمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر لە دیوانی پارێزگا كۆبوونهوه.
لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ دەستکردن بە پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 کردەوە، پاشان هەموو ئاسانکارییەک و هاوکاری و پاڵپشتییەکى پارێزگاى بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان نیشان دا.
جەختیشى کردەوە کە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵى 2021، لەژێر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانى سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زۆربەى ئەو شوێنانەی پێویستى کردووە لە گەڕەکە هەژارنشینەکان و کۆمەڵگا و ناحییە و قەزا و گوندەکان بەشێوەیەکى یەکسان لەنێوان شار و دەرەوەی شار پلان داڕێژراوە و دەست بە ئەنجامدانى پڕۆژەکان کراوە، بۆ ساڵى ئایندەش 2022 بەهەمانشێوە له پلان و بەرنامەى ئامادەکراو لەو شوێنانهوه دهست بە پڕۆژه و كاره خزمهتگوزارییهكان دەکەین كه كهمترین دهستى خزمهتگوزارییان پێگهیشتووه یان له ڕابردوودا نهتوانراوه وهك پێویست خزمهتیان بكرێت و دیقەتیشمان زیاتر لەسەر ڕیگاوبان دەبێت و بەشێوەیەکى یەکسان لە سەنتەرى شار و سەرجەم قەزا و ناحییە و گوندەکان پڕۆژەکان جێبەجێ دەکەین.
دوای گفتوگۆ لەلایەن ئامادەبووان لەبارەى بڕی بودجەی تەرخانکراو و زەرورەتى ئەو پڕۆژە خزمەتگوزراییانەى کە پێویستن، کۆبوونەوە بڕیارى لەسەر پەسندکردنى پلانى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2022 دا کە (122) پڕۆژەیە و بە گوژمەى (60) ملیار دینار لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر جێبەجێ دەکرێت.