ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2024، هاووڵاتییانی شێخان و دەوروبەری لە دژی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، خۆپیشاندانیان کرد.
پیر خەڵات، نوێنەری پێکهاتەی ئاینی ئێزیدییەکان لە خۆپیشاندانەکەی شێخان رایگەیاند، ئەرکێکی پیرۆزە لە کوردستان کە ئێمە داوای مافی خۆمان بکەین، ئەگەر ئێمە سەیری مێژووی ئێران بکەین، ئەوە دەبینین مێژووەکی رەشی هەیە بەرامبەر کوردستان، دەشڵێت: سەدان ساڵ بەر لە ئێستا کە هاتوونەتە سەرخاکی ئێمە بەتایبەت قەزای شێخان شکستیان هێناوە.
گوتیشی: مێژوو شاهێدە کە ئێران چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بەڵام شکستیان هێناوە و گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
دەشڵێت: ئێمە روومان لە وڵاتانی زلهێز دەکەین و داوایان لێدەکەین کە ئەو هێرشانەی سەر هەرێمی کوردستان رابگرن، چونکە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە ناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە سیمبولی پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و دیموکراسی، بۆیە ئێمە وەکو ئێزیدییەکان لە قەزای شێخان ئیدانەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەین.
کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی دووشەممە، 15ـ01-2024، سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کە دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بە چەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی هاووڵاتیی پێشڕەو دزەیی، کە گەورە بازرگانێکی هەرێمی کوردستانە کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتیی شەهیدبوون و شەش هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.
لەکاردانەوەی رووداوەکەشدا، لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و شارە گەورەکانی ئەوروپا، خۆپیشاندان بۆسەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سوپای پاسداران ئەنجامدران.