هێمن خەلیل- ههولێر
نووسینگەی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین بۆ كاروباری زانستی لەچەندین بەڕێوەبەرایەتی و سەنتەر پێكهاتووە، هەروەها كاروباری خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) سەر بەو نووسینگەیە، بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون دیداریكمان لەگەڵ (پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.شەریف مەولود شەریف یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی بۆ كاروباری زانستی) كرد .
پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. شەریف مەولود باسی لەو بەڕێوەبەرایەتی و سەرنتەرانە كرد كە سەر بەنووسینگەكیەتی و گوتی :”نووسینگەی یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا لە سێ سەنتەر و دوو بەڕێوەبەرایەتی پێكهاتووە لەگەڵ كۆگایەكی دەرمانی كیمیایی و زانستی، سەنتەرەكان ئەمانەن: سەنتەری زمان،سەنتەری پێداگۆجی، سەنتەری ئایتی وئامار، بەڕێوەبەرایەتیەكانیش ئەمانەن: بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری، بەڕێوەبەرایەتی كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، كۆگای كەرەستە كیمیاویەكان.”
دەربارەی پڕۆسەی وەرگرتنی قوتابیانی خوێندنی باڵا یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی دەڵێ :”لەپڕۆسەی خوێندنی باڵا( دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) بۆ ساڵی ئەكادیمی (٢٠٢٣-٢٠٢٤) زیاتر لە (4000) چوار هەزار پێشكەشكار مامەڵەیان پێشكەش بە زانكۆی سەلاحەدین كرد، (٢٤٧٣) قوتابی لەسەرجەم پسپۆریەكان وەرگیراون و لەپرۆسەی خوێندن بەردەوامن كە بەم شێوەیە: (٥٦٧) قوتابی دبلۆمی باڵا، (١١٨٩) قوتابی ماستەر،(٧١٧ ) قوتابی دكتۆرا .”
سەبارەت بەوەی ئایا زانكۆی سەلاحەدین توانای ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیانی خوێندنی باڵای هەیە؟ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ ئاماژەی دا :”لە ڕاستیدا زانكۆی سەلاحەدین زانكۆی دایكە مامۆستا و پسپۆڕی جیا جیای زۆری هەیە و لەتوانایدایە قوتابی بەرایی و خوێندنی باڵا لەم ژمارەیە زیاتر وەربگرێت، بەڵام یەكێك لە كێشە گەورە و ئاستەنگەكان، ئەویش نەبوونی باڵەخانەی گونجاوە بۆ قوتابییان، چوو كە تەنها زانكۆی سەلاحەدینە لەسەرتاسەری كوردستان بە بێ كەمپی گونجاوی زانكۆیە، بەڵام بەسوپاسەوە وا دیارە خەمێكی جدی لە لایەن خودی جەنابی سەرۆكی حكومەت دەخورێت بۆ ئەم مەبەستە. سەرەڕای ئەمەش لە سەرەتای ئەم ساڵی ئەكادیمی سەرۆكایەتی زانكۆ پارەیەكی زۆری تەرخانكرد و خەرجیكرد بۆ نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەكانی سەرجەم كۆلێژەكان و كڕینی كەلوپەلی هۆڵەكان و كەرەستەی پێویست .”
تایبەت بە پلان و بەرنامەی داهاتوو دكتۆر دەڵێ :”پلانی داهاتوومان بۆ خوێندنی باڵای ساڵی ئەكادیمی ( ٢٠٢٤- ٢٠٢٥) ئەوەیە كە لە ئێستادا مۆڵەتی خوێندن لە لایەن كۆلێژەكان بۆمان هاتووە( بۆ ستافی كۆلێژەكان و ستافی زانكۆ بەگشتی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندن) لە ماوەیەكی نزیكدا لە ڕێگای ئەنجومەنی زانكۆ ڕەوانەی وەزارەت دەكەین بۆ ڕەزامەندی وەرگرتن، دوای ماوەیەكی تر گشتاندن بۆ سەرجەم كۆلێژەكان دەكەین، دەربارەی پلانی خوێندن(ڕاوندی سێیەم) بۆ ساڵی ئەكادیمی( ٢٠٢٤-٢٠٢٥ ) لە دوای ناردنی پلانی كۆلێژەكان بۆ سەرۆكایەتی وردبینیكردن و ڕەزامەندی دان، لە ڕێگای ئەنجومەنی زانكۆ ڕەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكەین بۆ ڕەزامەندی وەرگرتنی كۆتایی، دەربارەی ژمارەی وەرگرتنی قوتابییان، لە وانەیە بۆ ساڵی داهاتوو ژمارەكە وا زۆر نەبێت، چونكە بۆ ئەم ساڵ زۆر پێشكەشكار پێشكەشی خوێندنی باڵایان كرد و زۆربەیان وەرگیراون، لە هەمان كاتیشدا هەندێك لە بەشەكان ناتوانن خوێندنی باڵا بكەنەوە، چونكە میچی(سەقفی) سەرپەرشتیاری مامۆستایان تەواو بووە، بە پێی ڕێنمایی وەزارەت هەر مامۆستایەك میچێكی
(سەقفێك)ی دیاریكراوی هەیە لەسەر سەرپەرشتیكردن بە پێی پلە زانستییەكەی، هەندێك كۆلێژیش هەیە مامۆستا و شوێنی گونجاوی نەبێت بۆ وەرگرتنی قوتابی بۆ ساڵی داهاتوو، بەڵام هێشتا بڕیارەكە یەكلایی نەبۆتەوە .”
د.شەریف دەربارەی بەرەو پێشەوەچوونی زانست و تەكنەلۆژیا دەڵێ :”لە ڕاستیدا زانست و تەكنەلۆژیا ڕۆژ بەڕۆژ بەپەلە بەرەو پێش دەڕوات و زانكۆی سەلاحەدین هاوشێوەی زانكۆكانی جیهان بەردەوام لە نوێكاری و پێشكەوتندایە و بەش و پسپۆڕی وردی نوێ دەكاتەوە،بۆ نموونە خوێندنی باڵا لە پسپۆڕیە وردەكانی بایلۆژی و تەكنەلۆژیای زانیاری و پڕۆگرامسازی زیرەكی دەستكرد و نانۆ تەكنەلۆژی و پەروەردەی ئۆتیزم و پسپۆڕی وردی كشتوكاڵی …. هتد بەردەوام لە كردنەوەی بەشی نوێ و پڕۆگرامی نوێداین، بە تایبەتی ئێستا پلانمان داناوە كە زۆربەی كۆلێژەكان سیستەمی بۆڵۆنیا پەیڕەو بكەین، كۆلێژی ئەندازیاری سەرجەم بەشەكانی و هەر چوار قۆناغ سیستەمی بۆڵۆنیا پەیڕەو دەكەن، هەروەها كۆلێژەكانی زانست و زمان و كشتوكاڵ قۆناغی یەكەم ئەم سیستەمە پەیڕەو دەكەن.”
لەپرسیارێكی تر لە یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆمان پرسی بەو پێیەی زانكۆی سەلاحەدین ژمار ەیەكی باش لەمامۆستایان هەیە كە پلەی زانستیان پڕۆفیسۆری یاریدەدەرو پڕۆفیسۆرە، تا چەند زانكۆكانی تر سوودیان لەو مامۆستایانە وەرگرتووە و لەزانكۆكانی تر وانە دەڵێنەوە؟ لەوەڵامدا دەڵێ :”هەروەك لەسەرەوە باسم كرد زانكۆی سەلاحەدین زانكۆی دایكە، لە زۆربەی زانكۆكانی حكوومی و ناحكوومی كوردستان مامۆستاكانمان وانە دەڵێنەوە لەبەر بوونی پسپۆڕی دەگمەن و لێهاتووییان، مامۆستایانی زانكۆی سەلاحەدین بە پێی ڕێنمایی دەتوانن لە زانكۆ ناحكوومیەكان وانە بڵێنەوە وەك وانە بێژ و كاری كارگێڕی بەشێوەی خواستن(ئیعارە) یان مۆڵەتی بێ مووچە، بۆ نموونە سێ سەرۆك زانكۆی ناحكوومی و دوو ڕاگر مامۆستانە لە زانكۆی سەلاحەدین .”
هەروەها دەربارەی قوتابییانی ماستەر و دكتۆرا دەبێت پێش تاوتوێكردنی توێژینەوەكانیان توانستی زمانی ئینگلیزی بەدەست بێنن و توێژینەوە لە گۆڤارە زانستیەكان بڵاوبكەنەوە ئایا مەرجە؟ لەوەڵامدا یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ ئاماژەی دا :”دەربارەی گفتوگۆی ماستەرنامەو تێزی دكتۆرا، قوتابی پێویستە توانستی زمانی ئینگلیزی هەبێت لەگەڵ بڵاو كردنەوەی توێژینەوەیەك بۆ ماستەر، هەروەها دوو توێژینەوە بۆ دكتۆرا، بەڵام ئەگەر قوتابی نەیتوانی توانستی زمانی ئینگلیزی بەدەست بێنێت ناتوانێ گفتوگۆكە ئەنجام بدات بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامەی ماستەر و بڕوانامەی پێنادرێت و فەرمانی بۆ دەرناچێت،بەڵام بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامەی دكتۆرا دەتوانێت دوای گفتوگۆی تێزەكەی توانستی زمانی ئینگلیزی پێشكەش بكات، دوای ئەوە بڕوانامەی پێدەبەخشرێت.”
تایبەت بە كێشەو گرفتەكان یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی گوتی :”گەورەترین ئاستەنگ لە پڕۆسەی خوێندنی باڵا ئەوەیە كە نەبوونی سیستەمێكی ئەلیكترتۆنیە لە وەزارەت هاوشێوەی سیستەمی وەرگرتنی قوتابییانی بەرایی(زانكۆلاین) بۆ پێشكەشكاران، هەروەها كێشەی ناڕوونی لە ڕێنماییەكان، ئەویش پێویستە گشت ڕێنماییەكان لە وەزارەت دەربچێت پێش دەستپێكردن بە خوێندن. خاڵێكی تر ئەویش كەمی كەلوپەل و ئامێری تاقیگەكانە كە پێویستە زانكۆ بودجەی گوونجاو تەرخان بكات بۆ دابینكردنی كەرەستە و ئامێری پێویست بۆ تاقیگەكانی بەشە زانستییەكان بەتایبەتی بۆ بەشە زانستیە پراكتیكەكان .”