ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە 2024.1.21، بەئامادەبوون د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و د.هێمن میران، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەند و د.دلۆقان محمەد، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر و سروە ڕەسوڵ، بەرێوەبەری گشتیی بەرنگاربوونەوەی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ و جێگری کونسڵی ئەمریکا لە هەولێر و نوێنەر و بەرپرسانی رێکخراوە بیانییەکان و ژماەیەکی تر لە پزیشک و پەرستیاران، لە رێورەسمێکدا یەکەمین سەنتەری پەرەسەندنی پەرستیاری و مامانی لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ناحییەی بەحرکە کرایەوە.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا تەواوی پاڵپشتی پارێزگای هەولێری بۆ سەنتەری ناوبرا دوپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا لە پێناو سەرخستنی کارەکانییان هەموو ئاسانکارییەکیان پێشکەش دەکرێت، هەروەها جەختی لە گرنگی سەنتەری ناوبراو و ڕۆڵی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی لە هەرێمی کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی بە پێویست وەسف کرد.
ئەو سەنتەرە کە یەکەمین سەنتەرە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، وەک ناوەندێکی تەندورستیی و فێرکاریی رۆڵی گرنگی هەیە لە بە هاناوەچوون و پرۆسەی چارەسەریی پەرستیاری و مامانی، جگە لەوەی ناوەندێکی فێرکاری بەردەوامی دەرچووانی بەشە تەندورستییەکانە و هاوکات پاڵپشتی راستەوخۆیە بۆ جێگیرکردن و چاودێریکردنی دۆخی تەندورستی هاوڵاتییان لە بارودۆخە لە ناکاوەکان و لە رێگەی فریاگوزاریی خێراوە کۆنترۆلی دۆخە سەختەکان دەکات.
جێگەی باسە، ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ڕێکخراوی ڕۆکار بە پشتیوانی دارایی LDS و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی پارێزگای هەولێر دروستکراوە.