ئیسماعیل تەنیا
لە سەردەمی منداڵیمدا هەر کە ناوی گوندی (حەســـار) دەهات، یەکسەر (مەلا عـــەلی گۆمەگڕوویی)و (ئەحمەد هەمین میرەکانی)م بیر دەکەوتەوە.. یەکەمیان، لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان، لەوێ مەلای گوند بوو.. دووەمیان کادیرێکی جەماوەری جووتیارانی ناوچەی دەشتی هەولێری (پارتی دیموکراتی کوردستان) بوو کە لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٩، کاتێک کە بە مۆڵەت و بە شێوەی نهێنی گەڕابۆوە گوندەکەیان (میرەکان)، هێزەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی (جەلالی) کە لەگەڵ ڕژێم لەیەک سەنگەردا بوون، دەستگیریان کرد.. لە گوندی (حەساری گەورە) زیندانیان کرد.. ئازاد نەکرا، تاوەکو بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ دەرچوو، ئینجا گەڕایەوە.. ئێستاش لە سایەی ناوبانگ و کتێبەکانی جەلیل کاکە وەیس و حەکیم کاکە وەیس و ئەحمەد عارف و حەمە کەریم عارف، حەسار دەناسمەوەو بۆتە ناو و گوندێکی تۆخ لە زاکیرەی مندا.
حەمە کەریم عارف.. پیاوێک پڕ پڕ لە کوردستان و لێوانلێو لە جیهان، دوا کتێبە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا خوێندوومەتەوە.. ناوونیشانەکەش لە شیعرێکی (شێرکۆ بێکەس) وەرگیراوە کە بۆ حەمە کەریمی نووسیووە. ئەم کتێبەی دیمانەیەکی دوورو درێژی (غازی حەسەن)ە لەگەڵ وەرگێڕو چیرۆکنووسی ناوبراو.. کتێبەکە ٣٤٨ لاپەڕەی قەبارە ناوەندییە، لە چاپخانەی (دانیشفەڕ- هەولێر)، لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا، چاپ و بڵاو کراوەتەوە.. هەشتاو یەک پرسیاری سەرەکی و وەڵامی دوورو درێژی مەودا فراوان، پڕ لە لق و پۆپی لەخۆ گرتووە کە چیرۆکنووس بە بینێکی درێژو سەلیقەیەکی جوانەوە، وەڵامی پرسیارەکانی، داوەتەوە.. لەم کتێبەدا، قورسایی زۆر خراوەتە سەر بابەتەکانی زمان، وەرگێڕان، چیرۆک، ڕۆمان، بارودۆخی ئێستاو سەردەمی شاخ و کایەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردی.
غازی لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا، زێتر کاری لەسەر مەسەلەی زمان لە ڕۆمان و شیعری کوردیدا، کردووە. لەم بوارەدا چەند کتێبێکی چاپ و بڵاو کردۆتەوە، کە کاری باش و نوێکارن.
(حەمە کەریم)، تەبای بەشی زۆری نووسەرانی کورد، لەسەر بیرو ڕای ئازادو سەربەخۆ بوونی، گیرۆدەی بینەو بەردەو، کێشەو سەر ئێشە بۆتەوە.. چ جای لەوەی یارمەتییان نەداوە، کێشەشیان بۆ دروست کردووە کە جارێکیان (لە سەردەمی شاخ)دا، لە لێواری مەرگدا گەڕاوەتەوە.. ئەو لەم بارەیەوە نووسیوویەتی; (.. لە شاخا غەدرم لێکرا، فتوای سیاسی کوشتنم بۆ دەرکرا، کتێبم کۆکرایەوەو لە قاسمە ڕەش سووتێندرا.. ل ٦٢).
ناوبراو، لە ساڵی ١٩٨٦دا، دەقی (کۆچــــی ســـوور)ی نووسیووە، پێش ئەوەی بە زمانی کوردی بڵاو بکرێتەوە، نووسەرێکی ئێرانی بە ناوی (ن. شایگان) کە پێشمەرگەی گرووپی بەرهەڵستکاری ( هستە رزم کۆمۆنیستی) بووە، لە ساڵی ١٩٨٧دا بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕاوەو، بڵاوی کردۆتەوە.. حەمە کەریم دوو دانە لە چاپە فارسییەکەی وەک دیاری بۆ (نەوشێروان مستەفا) ناردووە. ئەو، نە بە باش نە بە خراپ، کاردانەوەی نەبووە. دوای ئەنفالەکان و جێلەق بوونی پێشمەرگەو سنووردار بوونی چالاکی و، بەرەو سەر سنوورەکان کشانەوە، حەمە کەریم وەک نووسەرێکی سەربەخۆ، ناچار بووە دۆڵی جافایەتی بەجێ بهێڵێت.. لە بەهاری ١٩٨٨دا ڕێگەی کەوتۆتە گوندی (کاولان) کە گوندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەو بارەگای سەرکردایەتی و بەشی ڕاگەیاندنی (حزبی سۆسیالیستی کوردستان-حسک/عیراق)ی لێبووە.. لەوێ، لای ئەوان گیرساوەتەوە. بەهەر شێوەیەک بوو بێت، ڕاگەیاندنی سۆسیالیست (چاپخانەی شەهید سەیدا سالح یوسفی)، ٤٠- ٥٠ دانەیەکیان لە (کۆچی سوور)، چاپ و بڵاو کردۆتەوە…
حەمە کەریم دەڵێت; (… هەر کە بڵاو بۆوە، دەنگ دانەوەیەکی وەهای پەیدا کرد، وەک ئەوەی ئاگر بێ و بکەوێتە پووشەوە، وەکو ئەوەی حەمە کەریم عارف سەبەب کاری ئەو شکستە مەعنەوی و عەسکەرییە گەورە بوو بێ، هەڵۆکانی سەرکردایەتی ینک کە لە سەقز ئاکنجی بوون، گڕیان گرت. بە ئەمری نەوشێروان، کۆچی سوور لە قاسمە ڕەشی مەرزی سەردەشت کۆکرایەوەو سووتێندرا.. کار بە سووتاندنەوە نەوەستاو فەرمانی کوشتنی بەندەشیان دەر کرد.. ل ٢٤-٢٥).
نووسەری ناوبراو لە دوای ڕاپەڕینەوەش، لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆماڵیدا، کێشەی بۆ دروست کراوە. لەلایەن کادیرە دەست ڕۆیشتووەکانی هەردوو حزبی باڵا دەست، بەربەرەکانی کراوە، لێنەگەڕاون بە ئازادی و ئاسوودەییەوە، بپڕژێتە سەر کارە ئەدەبییەکانی..
لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا، وەک شەیدایەکی ئەدەبی بەرگریی و قاچاغ، بە دوای ئەو کتێبانەدا وێڵ بووین کە لە شاخ چاپ و بڵاو دەکرانەوە. لەوانە; کۆچی سوور، نینا، هەرەس، سەگوەڕ، ڕوو بەڕوو لە سێبەری چیادا، یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات، … تاد. ئەم کتێبانەو دەیان کتێب و بڵاوکراوەی تر ئەم دەست و ئەو دەستییان دەکرد. دانەی زێتریان لەبەر دەگیرایەوە.. بە هەفتەو مانگ نۆرەی خوێندنەوەمان دەگرت تا دەگەیشتە دەستمان.. خۆشبەختانە چەند دانەیەک لە ( کۆچی ســــوور) لە ڕێگەی ئەندامانی (ئاڵای شۆڕش) و ڕێکخستنەکانی سۆسیالیستەوە گەیشتبوونە ناو شارو ئەم دەست و ئەو دەستیان دەکرد.
حەمەکەریم، تا کاتی تەواو بوونی ئەم دیمانەیە لە ٢٢/٤/٢٠٢٣دا، سەدو حەفتا (١٧٠) کتێبی لە ( نووسین، ئامادە کردن، وەرگێڕان)، چاپ و بڵاو کردۆتەوە. دەکرێ بڵێین; ئەگەر (عەزیز گەردی) لە بواری نووسین و وەرگێڕان و کارەکەیدا سەردەستە بوو بێت و تا لە ژیان مابوو، ئاوڕی لێ نەدەدرایەوە، ئەوا ئێستاش حەمەکەریم وەک نووسەرو وەرگێڕێکی بە بڕشت و خاوەن بارستاییەکی گەورە (١٧٠) کتێب، لە کتێبخانەی کوردیدا، ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، بەڵکو دژایەتیشی دەکرێت. وەک خۆیشی دەڵێت; (.. پێموایە من یەکەم کەسم کە لە مێژووی تازەی سیاسی کوردیدا لەلایەن شۆڕشەوە کتێبم سووتێندراوە… ل ١٢١).
غازی حەسەن بەم بەسەر کردنەوەی، کارێکی جوانی کردووە کە شایەن بە نووسەرێکی پڕ بەرهەمە. هەروەها بە حەوسەڵەو بینێکی فراوانەوە، پرسیارەکانی داڕشتووە.. وەک ڕۆژنامەنووسێکی فزولی مامەڵەی لەگەڵ بابەت و سەردەم و ڕوداوەکاندا، کردووە. ئەگەر بەلای منەوە (خوێندەواری) کتێبێکی دەوڵەمەند بە دیکۆمێنت و داتاو مێژووی پەروەردەو فێرکردن بێت لە کوردستاندا، ئەوا ئەم کتێبەشی دەچێتە خانەی دووەمین کتێبە جوانەکانی ئەو.
لەگەڵ ئەم تێڕوانینەشماندا، پێموایە ئەم گفتوگۆیە زێتر بەلای گفتوگۆو ڕا گۆڕینەوەی دوو نووسەر لە بواری کایەکانی زمان و ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیدا دەشکێتەوە نەک دیمانەیەکی ڕۆژنامەنووسی، چونکە بەشی زۆری پرسیارەکان ئەوەندە دوورو درێژ، بە لق و پۆپ، فرە ڕەهەند (چەندین پرسیار لە پرسیاریک)دان.. بەشێک لە پرسیارەکان یەک لاپەڕەی کتێبی گرتۆتەوە، زێتر لە بۆچوون دەچێت نەک پرسیارو، لە هەندێک لە وەڵامەکانیش درێژترن. لەبەر ئەمەشە حەمەکەریم لە هەندێک پرسیاردا، نەیتوانیووە وەڵامی هەموو لق و پۆپەکان بداتەوە… سەرەڕای ئەم سەرنجەشم، کتێبەکە بێبەش نییە لە هەڵەی چاپ….