پەلاماردان و دەستدرێژکردن بۆ سەر کوردستان دوورن لەبەها پیرۆزەکانی ئایین و مرۆڤایەتی

عومەر چنگیانی

پەلامارە دڕندانەییەکەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شەوی ١٥ی ئەم مانگە بۆ سەر هەولێر و بە ئامانج گرتنی ماڵی هاوڵاتییەک و شەهید کردن و بریندار کردنی چەند کەسی سفیل، لەو دراوسێوە کە دەیان خاڵی هاوبەش لەنێوانمان دایە، ئەوکارە قێزەونە بەوەوە نەوەستا کە کاردانەوەی سیاسیی ناوخۆیی و نێو دەوڵەتی لێبکەوێتەوە، بەڵکو وەک کار و پیشەی هەمیشەیان مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان بە یەک دەنگ لەسەر دوانگەی مزگەوتەکانیانەوە لە هەینی ڕابردوو ١٩ی١ی٢٠٢٤ گوتاری پێشنیاز کراوی بۆردی باڵای ئامادە کردنی گوتاری هەینییان، جێبەجێکرد و لێرەدا پوختەیەکی دەکەمە توێشووی گوڵخەرمانی ئیمڕۆمان.(خودای گەورە لە ئایەتی سیی سورەتی(نیسا)دا دەفەرمێ : (هەرکەس بەناهەق و بە دوژمنکاری و ستەم کەسێ بکوژێت دەیگەیێنین بە دۆزەخ و ئەو سزا پێ چەشتنەیش لای خوا کارێکی ئاسانە)هەروەها پێغەمبەری خۆشەویستمان – دروود و سڵاوی خوای لەسەربێت – دەفەرمێ : (هەرکەس ئاسنێک بەڕووی برایەکی مسوڵمانیدا بڵند بکاتەوە و بی ترسێنێ فریشتەکانی خوا نەفرینی لێ دەکەن تا واز دینێ با براکەی برای دایکو باوکیش بێت).
دینی ئیسلام نەهی کردوە لە هەموو جۆرە دەستدرێژیەک، لەلایەن هەموو مەخولقاتێک بۆ سەر تەواوی مەخلوقات، تاوانێکەو لە دواڕۆژدا لێپرسینەوەی لەسەرەو خودای گەورە سنوربەزێنەرانی خۆشناوێ و لەڕەحمەتی خوداش بەدورن .ئەو بۆردومانەی کە لە ١٥ی ئەم مانگەدا کە لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، تاوانێکە پێچەوانەی بەها ئیسلامی و مرۆییەکانە و تیرۆرکردن و کوشتنی خەڵکی بێتاوانی بێچەک تەنها بەڵگەی ئەو ڕق و کینەیە کە ڕژێمی ئێران لە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجامیدەدا .
تەوەری یەکەم : دەستدرێژی تاوانێکە دەرحەق بە مافی خوداوە : هێرشکردنە سەر خەڵک خۆی لە خۆیدا تاوانێکە دەرهەق بە زاتی خودای هەرە گەورە، چونکە خودا دروستکەری ئەوانە و ژیانی پێ بەخشیون، و کەس مافی ئەوەی نییە ژیانیان لێ بسڕێتەوە و هەرکەسێک ئەوەی کردبێت، وەک لەم بۆردومانە ناڕەوایەدا دەیبینین، تاوانێکە لە دژی خودای گەورە و خودای گەورە ئاگادارمان دەکاتەوە لەم تاوانە و سزایەکی زۆر قورسی بۆی بڕیار داوە .
یەکەم : دەستدرێژی بۆ سەر مەخلوقاتی خودای گەورە : کە خوای گەورە ئێمەی وەک کوردێک و لەسەر خاکەکەمان دروست کردووە، کەواتە بۆچی قبوڵی ئەوە ناکەن کە خودا کردویەتی، ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کاری خودا لە بێباوەڕیە، خودا دروستکەری ئێمەیە و زمانمانە.
دووەم : هێرشکردن بۆ سەر بەهاکانی ئیسلام: ئیسلام ئایینێکە کە بەهایەکی گەورەی هەیە، ئەم بەهایانە ئەوەیە کە مسوڵمانێک لەوانی تر جیا دەکاتەوە، هەرکەسێک پابەندی ئەم بەهایانە نەبێت، ئەوا لە دەرەوەی ئیسلامە و ئەگەر بانگەشەی ئیسلامەتیش بکات .
تەوەری دووەم : هێرش تاوانێکە دژی مرۆڤایەتییە:
یەکەم: هێرش تاوانێکی ناڕەواییە: هێرشکردنە سەر کەسانی دیکە، بەتایبەتی بەهێزەکان بەرامبەر لاوازەکان، وەک کۆماری ئیسلامی ئێران، نا ئەخلاقییە، خودا بەهێزترە لەسەر ئەوان لەئێمەی بێدەسەڵات، کەواتە دەتوانن ئەمە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بکەن کە دەڵێن دوژمنی خۆیانن.
دووەم : خراپەکاری لەسەر زەوی: تیرۆرکردنی خەڵکی بێتاوان و ترساندیان و دەرکردنیان لە ماڵەکانیان و تێکدانی ژیانیان گەورەترین خراپەکاری و وێرانکاریە دژی مرۆڤایەتی، و خوای گەورە ئەوەی قەدەغە کردووە.
سێیەم : کوشتنی بێتاوانەکان : کوشتنی خەڵکی بێتاوان تاوانێکە لێخۆشبونی بۆ نیە لای خودا .
چوارەم : ترساندن و تۆقاندنی خەڵک : بەڕاستی تاوانێکی گەورە تۆقاندنی خەڵک.
لە کۆتاییدا، ئێمە بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەم هێرشە دەکەین و بە کردەوەیەکی ترسناک لە دژی خەڵکی بێتاوان و بێ بەرگری وەسفی دەکەین.
ئێمە داوا لە خوای گەورە دەکەین کە کوژراوان بە شەهید هەژماربکا و شیفای بریندارەکانمان بدات و کوردستانەکەمان لە خراپەی دوژمنەکانمان بپارێزێت. ئامین

ھەواڵی زیاتر