دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

عێراق.. هێرش كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د

 

جارێكی دیكه‌ هێرشی درۆنی كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نبار، به‌ڵام تا ئێستا ورده‌كارییه‌كانی هێرشه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی رانه‌گه‌یه‌ندراون.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 22ـی كانوونی دووه‌می 2024) هێرشێكی درۆنی كرایه‌ بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نبار. سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن هێرشه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ بوو، به‌ڵام تا ئێستا ورده‌كاری زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكرا نه‌كراوه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌ “مقاوه‌مه‌ی عێراقی” به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له‌ هێرشه‌ درۆنییه‌ راگه‌یاندووه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرددووه‌، هێرشه‌كه‌ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بووه‌.

هه‌روه‌ها مقاوه‌مه‌ی عێراقی جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌، له‌ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گای هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان به‌رده‌وام ده‌بێت.

کاتژمێر 06:30ـی ئێوارەی رۆژی شەممە، 20-01-2024، بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرشی مووشەکی کردە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد کە هێزەکانی ئەمەریکا لێی جێگیرکراون. بەهۆی هێرشکەوە سەربازێکی عێراقی و ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی برینداربوون.

هاوكار ئەمڕۆ دووشەممە ئەیاد تۆفان، شرۆڤەکاری ئەمنی و ستراتیژی و فەرماندەی پێشووی سوپای عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی دوایین هێرشی مووشەکی سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد، “ئەو تاکە رادەرە فەرەنسییەی لای سوپای عێراق بوو؛ لەلایەن فڕۆکەوە بێ فڕۆکەوانەوە تێکشکاوە و تێچووی چاککردنەوەکەشی ملیۆنان دۆلارە. ئەگەر چاکیش بکرێتەوە وەک پێشتر کار ناکات”.  

تۆفان ئاماژەی بەوەش کرد، “حکومەتی عێراق رێککەوتنی بۆ کڕینی پێنج راداری فەرەنسی کردووە بۆ ئەوەی ئاسمانی خوی لە هێرشە مووشەکییەکان بپارێزێت. تاوەکو ئێستا یەک دانەی رادەستکرابوو، ئەویش لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد تێکشکا”.  

بە گوتەی ئەو فەرماندەی پێشووی سوپای عێراق، توانای بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر فڕۆکە و مووشەکە پێشکەوتووەکاندا “لاوازە”. گوتیشی، “پێشتر مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بە چەند کەرستەیەک دروستدەکران و کواڵێتییان زۆر بەرز نەبوو، زۆربەی کاتەکانیش ئامانجەکانیان نەدەپێکا؛ بەڵام ئێستا پەرەیان پێ دراوە، بە شێوەیەکی زۆر مۆدێرن دروستدەکرێن و ئامانجەکانیان بە دووری دەیان کیلۆمەتر دەپێکن”.