سه‌رۆكوه‌زیرانی هیند په‌رستگه‌یه‌كی نوێی هیندۆسه‌كان له شوێنی ئه‌و مزگه‌وته ده‌كاته‌وه، كه هیندۆسه توندڕه‌وه‌كان له ساڵی 1992ـدا رووخاندیان.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 22ـی كانوونی دووه‌می 2024) ناریندرا مۆدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هیند به‌شداری كرد له رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی په‌رستگه‌ی رام جانمابهۆمی هیندۆسه‌كان له شاری ئهیۆدیای باكووری ئه‌و ئه‌و وڵاته، كه له شوێنی مزگه‌وتێكی موسڵمانان دروست كراوه كه پێشتر له ساڵی 1992ـدا هیندۆسه توندڕه‌وه‌كان رووخاندبوویان.
به‌پێی میدیای هیندی، ماوه‌ی سێ ساڵه ئه‌و په‌رستگه‌یه كاری تێدا ده‌كرێت و چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ته‌واو بووه. میدیای ناوخۆی ئه‌و وڵاته ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌و شوێنه‌ی په‌رستگه‌كه‌ی له‌سه‌ر دروستكراوه، له چاخه كۆنه‌كاندا كۆشكێك بووه و راما تێیدا له‌دایكبووه، راما ئه‌و كه‌سایه‌تییه سه‌ره‌كییه‌یه كه له داستانی رامایانادا رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌یه و یه‌كێكه له خواكانی هیندۆسه‌كان.
له سه‌ده‌ی شازده‌یه‌مدا له‌و شوێنه‌دا مزگه‌وتی بابوور دروست كرا، به‌ڵام له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا و به‌دیاریكراویش له كانوونی یه‌كه‌می 1992ـدا مزگه‌وته‌كه له‌لایه‌ن هیندۆسه توندڕه‌وه‌كان رووخێندرا و بووه هۆی به‌ریه‌ككه‌وتن و پێكدادانی هیندۆسه‌كان و موسڵمانه‌كان له ناوچه جیاجیاكانی هیند.
سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێستای هیند له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2019ـدا یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی پشتگیری له بڕیاری دادگای باڵای هیند كرد بۆ ئه‌ویه له شوێنی مزگه‌وته‌كه‌دا ئه‌م په‌رستگه‌یه دروست بكرێت. هه‌ندێك له پارته سیاسییه‌كانی ئه‌و وڵاته پێیان وایه، ناریندرا مۆدی ئایین به سیاسی ده‌كات و بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌كاری ده‌هێنێت.