زیاتر له سهدهیهك لەمەوپێش شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی لە مووسڵ لەسێدارە دەدرێت، دوای 107 ساڵ لە شەھیدبوونی شێخ عەبدولسەلام كاریگەریی بیروبۆچوونەكانی لە كوردستان ھەر ماون و رێبازەكەی بەزیندوویی ماوەتەوە.
شێخ عەبدولسەلام جگە لەوەی تێكۆشانێكی زۆری بۆ سەربەخۆی كوردستان كرد، ھاوكات چاكسازییەكی گەورەی كۆمەڵایەتیشی كرد، بەكرداریش كاری بۆ دەكرد.
ئەگەرچی بە كزی دەبیستێ، بەڵام بیرەوەرییەكان زۆر بەڕوونی لەبیرماون، مام میقداد زیاب، دوای زیاتر لە 80 ساڵ بەو وێنانەوە دەژیت، كە باوكی لە شێخ عەبدوڵسەلام بارزانی بۆی درووستكردووە، ئەو دەڵێت لە شێخ عەبدولسەلامدا شكۆی ھەموو بوونەوەرێك پارێزراو بوو.
بەگوتەی مام میقداد زیاتر لە یەك سەدە لەمەوپێش پێشێلكارانی مافی ئافرەتان لەلایەن شێخ عەبدولسەلامەوە سزا دەدران. لە كوردستانەكەی شێخ عەبدولسەلامدا، ئاژەڵەكانیش پارێزراوبوون، ئەو نەریتەی تاكوو ئێستاش لە دەڤەری بارزان پارێزراوە.
ئەو چاكسازیی و دادپەروەرییە كۆمەڵایەتییانەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی باوەڕی پێی ھەبوون، بۆ ھەموو كوردستان بوون، چونكە ئەو باوەڕی قووڵی بە دامەزراندنی كیانێكی سەربەخۆ بۆ كوردستان ھەبوو.
كەرەم سەرحەد، توێژەرێكی مێژوویی باكووری كوردستانە، زیاتر لە چل ساڵە لەناو دیۆكیۆمێنتەكانی سەردەمی عوسمانی بەدوای زانیاری لەسەر شێخ عەبدولسەلام بارزانیدا دەگەڕێت، ئەو دەڵێت ئەو داواكارییانەی لە بریڤكێ بە واژووی شێخ عەبدولسەلام رادەستی عوسمانییەكان كرا، ھەمووی بۆ سەربەخۆیی ئیداری و سیاسیی كوردستان بووە.
دوای چەندین ھێرش و بەرگری لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجەكەی، شێخ عەبدولسەلام كۆڵ نادات و لە ھەوڵەكانی مكوڕتر دەبێت.
سەرۆك بارزانی لە كتێبی بۆ مێژوودا دەنووسێت لە ساڵی 1914-دا شێخ سەردانی تبلیس دەكات و چاوی بە نێردراوی قەیسەری رووس دەكەوێت، تەنانەت “سێرگی لاڤرۆڤ”، وەزیری دەرەوەی ئێستای رووسیا بە سەرۆك بارزانی گوتووە، كە شێخ عەبدولسەلام چاوی بە قەیسەری رووسیاش كەوتووە، باس و خواستیش دروستكردنی دەوڵەتێك بووە بۆ كوردان.
بەگوتەی كەرەم سەرحەد، ھەر ئەو جموجۆڵانە لەپێناوی دۆزینەوەی پشتیوان بۆ دەوڵەتی كوردستان وادەكات، كە دەوڵەتی عوسمانی شێخ عەبدولسەلام لەسێدارە بدەن.
ئەگەرچی شێخ عەبدولسەلام بارزانی شەھیدكرا، بەڵام ھەر زوو لەسەر ھەمان رێباز و بەھەمان گوڕووتین شێخ ئەحمەد و دواتر مەلا مستەفا بارزانی و ئێستا سەرۆك بارزانی نەیانھێشت خەباتەكە ھەتا گەیشتن بە دوا ئامانج، كە سەربەخۆییە دابمركێت.