سبه‌ی له‌ ڕاپه‌ڕین بۆ پاڵپشتی هه‌ولێر خۆپیشاندانێكی جه‌ماوه‌ری ده‌كرێت

بڕیاره‌ سبه‌ی سێشه‌ممه‌ 23ی 1ی 2024، له‌ ئیداره‌ی ڕاپه‌رین، خۆپیشاندانێكی جه‌ماوه‌ری بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ بچێت.

به‌پێی زانیارییه‌كان، خۆپیشاندانه‌كه‌ كاتژمێر 11ی پیشنیوه‌ڕۆی سبه‌ی له‌ به‌رده‌م پاركی ده‌روازه‌ له‌ ڕانیه‌ ده‌ست پێده‌كات و ڕیكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، داوا ده‌كه‌ن سه‌رجه‌م چینوتوێژه‌كانی سنووری ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین به‌شداریی له‌و خۆپیشاندانه‌دا بكه‌ن بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی بۆردومانه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر شاری هه‌ولێر.

شه‌وی 15-16ی ئه‌م مانگه‌، سوپای پاسدارانی ئێران، چه‌ند مووشه‌كێكی ئاراسته‌ی شاری هه‌ولێر كرد و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند هاووڵاتییه‌كی سڤیل شه‌هید و بریندار بوون.

ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی ئێران كاردانه‌وه‌ی لێ كه‌وته‌وه‌ و كوردان سه‌ركۆنه‌ی بۆردومانه‌كه‌ی ئێران ده‌كه‌ن و ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن.

ھەواڵی زیاتر