لە مانگی رابردوودا ئێران رۆژانە سێ کەسی لەسێدارەداوە

کۆمەڵەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان دێت، بەگوێرەی ئامارەکانیش تەنیا لە مانگی رابردوودا 90 کەسی لەسێدارەداوە.

لە تازەترین راپۆرتی کۆمەڵەی چالاکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران داهاتووە، کە لە ماڵپەری هرانا بڵاوکراوەتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت، کە هاووڵاتییانی لەسێدارە دەدات، بەگوێرەی ئامارەکان تەنیا لە مانگی رابردوودا 90 کەسی لەسێدارەداوە، بە تێکڕا رۆژانە سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ کەس جێبەجێکردووە.

رێکخراوەکە رەخنە لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەگرێت، بە تایبەت لە رەوتی لێکۆڵینەوە یاساییەکان، ئاماژەیداوە، جێبەجێکردنی زیاتر لە 75%ی لەسێدارەدانەکان بە نهێنییە و بڵاوناکرێنەوە، بەشی زۆرینەشی بە تۆمەتی سیخوڕیی و بڵاوکردنەوەی کاری ناشەرعی سزا دەدرێن.

هەر بەگوێرەی ئامارەکانی ماڵپەری هرانا، ساڵی 2023 لە ئێران لانیکەم 791 هاووڵاتیی لەسێدارەدراون، لە نێویاندا دوو منداڵ و 25 ئافرەت هەبوون، کە بەراورد بە ساڵی 2022 جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەرێژەی 33% زیادی کردووە.

ھەواڵی زیاتر