لە کوردستان جێگرەوە بۆ کاڵای ئێرانی دەدۆزرێتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

یەکێک لەو شوێنانەی کە ئێران پەیوەندییەکی باشی بازرگانی لەگەڵی ھەیە و لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە ھەناردە و ھاوردەی کاڵای لێ دەکات ھەرێمی کوردستانە، بەڵام بەگوتەی بازرگانان و چاودێرانی سیاسی، ئێران ھەندێک کات ڕەچاوی ئەو پەیوەندییە بازرگانییە پتەوەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ناکات و پرسە سیاسییەکان تێکەڵ بە زۆر بابەتی دیکە دەکات کە ئەمەش زیانی زیاتری بۆ ئێران دەبێت. وەکو کاردانەوەیەک دژی ھێرشی ئێران بۆ سەر ھەولێر، ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی لە ھەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم بازرگان و ھاووڵاتییان دەکەن، بایکۆتی ھاوردەکردن و بەکارھێنانی کاڵای ئێرانی بکەن.

بەگوێرەی ئامارەکان ساڵانە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران لە نێوان شەش بۆ ھەشت ملیار دۆلاردایە و بازرگانان، دەڵێن: ٧٠% کاڵای نێو بازاڕەکان لە ئێرانەوە ھاوردە دەکرێن و بازرگانان و چاودێرانی سیاسی بە گرنگ و پێویستی دەزانن کە ئێران ڕەچاوی ئەو بازرگانییە بەھێزەی بکات لەگەڵ ھەرێمی کوردستان. بەگوتەی بازرگانان، بایکۆتکردنی کاڵا و کەلوپەلی ئێرانی کاریگەری لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە دەبێت بەتایبەت بەھۆی ئەوەی قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان گەورەیە.
نزیکەی کاتژمێر ١١:٣٠ـی خولەکی شەوی دووشەممە، ١٥-١-٢٠٢٤، بە چەندان مووشەکێک ھێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی جیاوازی شاری ھەولێر، دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی ھێرشەکانی لە ئەستۆ گرت، بەھۆی ھێرشەکەوە، چوار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەڵێت، بە توندی سەرکۆنەی ھێرشی ئێران بۆ سەر ھەولێر دەکەین و داوا لە بازرگانان و ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەکەین، بایکۆتی ھێنان و بەکارھێنانی کاڵاکانی ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئێران ھەڵپەسێرن. گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ھەولێر، ڕایگەیاند: لە ئێرانەوە کەرەستەی زۆر ھاوردە دەکرێن، بۆ نموونە کەرەستەی بیناسازی و پیشەسازی، بابەتەکانی پاککردنەوە و پزیشکی و زۆری دیکە، بەڵام وڵاتی دیکەی جێگرەوە ھەن و خەڵک و بازرگانان دەتوانن سوود لە وڵاتانی دیکە وەربگرن، بۆ نموونە تورکیا، سعودیە و ئوردن.
لەلایەکی دیکەوە ژووری بازرگانی و پیشەسازی دھۆک، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەھۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی دھۆکدا ھەن، ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی دھۆک بەووردی لێکۆڵینەوە لەسەر بازاڕی جێگرەوە بۆ بازرگانانمان دەکەین، تاوەکو بە بەرھەمە خۆماڵییەکان و بەرھەمی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پێداویستییەکانی خەڵکی پارێزگای دھۆک و کوردستان پڕبکرێنەوە.
ژووری بازرگانی دھۆک، ڕاشیگەیاند، یەکێک لە پلان و کارەکانی ئێمە ئەوەیە، بەرھەمە خۆماڵییەکان بەگوێرەی ستانداردی جیھانی ببەینە ئاستی بەرھەمی وڵاتان، تاوەکو لە ساڵانی داھاتوودا پشت بە بەرھەمە ناوخۆییەکان ببەستین لە جیاتی بەرھەمەکانی دەرەوە.
کاروان سورچی، گوتەبێژی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئێمە بەیاننامەیەکمان دەرکرد، داوامان لە بازرگانان کردووە، کاڵای ئێرانی بایکۆت بکەن، وەک هەڵوێستێک بەرامبەر ئەوەی کە ھەفتەی ڕابردوو ھێرشی مووشەکی سوپای پاسدارانی ئێران کرایە سەر ماڵی بازرگانێکی دیاری شاری ھەولێر، کە ئەندامێکی چالاکی ژووی بازرگانی ھەولێر بوو.
گوتەبێژی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: ھەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە، ئەوەش ھۆکارێک بووە بۆ ئەوەی بازرگانەکانمان بکرێنە ئامانج، بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت شاری ھەولێر لەو پێشکەوتنانە بووەستێت، ھۆکارێکی دیکەش بەردەوام بازرگانانی ھەرێمی کوردستان، ھاوکار و ھەماھەنگی حکوومەت بوون لە کەرتی بازرگانی کە تەواوکەری کەرتی گشتییە، ھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بوون، بەتایبەتی لەکاتی قەیرانەکاندا، داوامان کردووە کە بازرگانان کاڵاکان ھەڵپەسێرن، ھەوڵبدەن وەکو کارتێک لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران بەکاری بھێنن بۆ ئەوەی ئێران بەخۆیدا بچێتەوە و ئەو دەستدرێژییانەی بۆسەر ھەرێمی کوردستان ڕاگرێت و کارێکی لەم شێوەیە دووبارە نەکاتەوە، ھەروەھا کۆماری ئیسلامی ئێران ھاوسنوورە لەگەڵ ھەرێمی کورستان، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ھاوکار و ھەماھەنگێکی گرنگ بووین بۆیان.
گوتەبێژی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: خەڵکی ھەرێمی کوردستان خواستی لەسەر کاڵای تورکی زۆرترە وەک لە کاڵای ئێرانی، بازرگانان دەتوانن سوود لە تورکیا وەربگرن بۆ کاڵاکانیان، بەشێکی زۆری کاڵاش لە کەنداو بۆ ھەرێمی کوردستان دێت، وەکو سعودییە، ئوردن، ئیمارات و قەتەر، داوامان لە بازرگانان کردووە کە ئەم کارە بکەن، بۆ ئەوەی کارتێک لەسەر ئێران دروست بێت، حاڵەتێکی دیکەی لەم شێوەیە دووبارە نەکرێتەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ئەمە دەبێتە ھۆی پێشکەوتنی بەرھەمی ناوخۆیی.
لەلایەن خۆیەوە ھێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر، ڕایگەیاند: ئەو بڕیارەی بازرگانان و خەڵک بۆ بایکۆتی کاڵای ئێرانی داویانە، ئەرێنی و باشە، بڕیارەکە کاریگەریی ئابووریی بۆ سەر ئێران دەبێت، چونکە ھەرێمی کوردستان بازاڕێکی کراوەی تێدایە و ھەولێریش ناوەندێکە بۆ کۆکردنەوەی بەروبوومەکان و بەھۆی ئارامی و ئاسایشەکەی، ھەولێر بووەتە ناوەندێکی بازرگانی و لێرەوە بەرھەمەکان بۆ بازاڕەکانی دیکەی عێراقیش دەڕۆن، بۆیە کاریگەرییەکە بەجۆرێک دەبێت، ئێران بەخۆیدا بچێتەوە، ئایا دەیەوێت ئابووری بکاتە قوربانی بۆ سیاسەتەکانی، یان ئەوەتا بەھۆی سیاسەتەکانی زیان لە ئابووری و بازاڕی خۆی دەدات.

ھەواڵی زیاتر