سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

‎لە هاژەكی بالیستییەوە‎ بۆ فۆتۆشۆپی ساختە!

‎هاودەنگ فارووق

‎گەلانی ئێران و ناوچەكە زۆر باش دەزانن، كە هەولێر بەدرێژایی هەبوونی لە كایەی سیاسەتی هەرێمایەتیدا، پایتەختی شكۆمەندی و ئاشتی و پێكەوەژیان بووە، لەساتەوەختی دروستبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستانەوە تاكو ئەمڕۆ، هەرگیز مایەی هەڕەشە نەبووە بۆ سەر تاران، بگرە لەخراپترین دۆخی سیاسی و ئابووریی ئێراندا، هەرێمی كوردستان بووەتە كۆریدۆرێكی ئەمین و گرنگ و پڕبایەخ بۆ كاڵا و شتومەكی ئێرانی، شاڕەگی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.. پەیوەندییەكان هەرگیز وابەستە نەبوون بەو گرژییانەوە كە ڕوویان لەئێران كردووە، لێ مخابن وەڵامی ئێران هێرش و فیتنە و ئاژاوەگێڕیی و دەستێوەردان بووە لە كاروباری ناوخۆی كوردستان، ئێستا حقدەكە گەیشتۆتە هێرشی دوژمنكارانە.
‎هەرێمی كوردستان لەمامەڵە لەگەڵ ئێراندا، ئەوەندەی ڕەچاوی قووڵایی ستراتیژی و بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسێیەتی باش و پەیوەندیی مێژوویی كردووە، هەرگیز بە ڕوانگەی ئەمنی و دوژمنكارییەوە چاو لە ئێران و وڵاتانی دیكەی دراوسێ ناكات، ‎حكوومەتی كوردستان، ڕەچاوی ئەوەی نەكردووە كە ئێران لەچ دۆخێكی خراپی نێودەوڵەتیی و گەمارۆی ئابووری دۆخی نابوت و نالەباردایە، بەڵكوو هەر بەچاوی دراوسێیەتی ئیجابی و پەیوەندی مێژووی هاوسەنگ لەگەڵ ئێراندا بەرخوردی كردووە، لەوەشدا هەمووان سوودمەندبوون.
‎بۆیە بەئامانجگرتنی چەند جارەی هەولێر، لەلایەن سوپای پاسداران و وەكیلەكانیان لە عێراق، نەك هیچ ڕەوایەتییەكی نییە، بەڵكوو خودی دیپلۆماسیەتی ئێرانی و سوپا و هەواڵگرییەكەی بەجۆرێك ئیحراج و نابەڵەد و كۆڵەوار كردووە كە ناچارن وێنەی شەهیدی دەستی غەدری كۆماری ئیسلامی، نەمر پێشڕەو دزەیی، بە فۆتۆشۆپ ساختە بكات، تاكو خۆی لەو ئیحراجیی و كردەوە تیرۆریستییە دەرباز بكات.
‎بۆ دیپلۆماسیەتی ئێران باشتر بوو، بەفەرمی داوای لێبووردن لە گەل و سەركردایەتیی سیاسی كوردستان بكات، ئایە وەها باشتر نەبوو، بۆ داپۆشینی ئەو كەتنەگەورەیەی كردی، بێت كێشەكانی لەگەڵ كورد و دراوسێكانی دیكەی سفر بكاتەوە، نەك ئەوەی ناچاربێت بە فۆتۆشۆپ وێنەی شەهیدەكانمان ساختە بكات؟
‎ئێستا پرسیاری ئێمە و هەر مرۆڤێكی هۆشمەند و ژیر لەئێران و لەبڕیاردەرانی هێرشەكان ئەمەیە: بۆچی ئێران بەزۆری زۆرداری دەیەوێت، دوژمنێكی وەهمی بۆ خۆی لەسەر جوگرافیای هەرێمی كوردستان وێنا بكات؟ لەكاتێكدا دەستی كورد بۆ ئاشتی و ڕێزی هاوبەش ئاوەڵابووە، دەستەڵاتدارانی ئێران بۆچی بە موشەك وەڵام دەدەنەوە؟ بۆچی وەك دوو نەتەوەی دۆست و دراوسێی باش پێكەوە نەژین؟
‎مادەم ئێران وەك هەر دەوڵەتێكی دی، هەوڵ بۆ دابینكردنی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەدات، بۆچی حكوومەتی كوردستانیش لێی حەرامە لە خەمی بەرژەوەندیی میللەتی خۆیدا بێت؟
‎دەبێت لەخۆیان بپرسن: ئایا بەرژەوەندیی ئێران لەوەدایە نەتەوەیەكی گەورە وەك دوژمن سەیر بكەن و وەك دوژمن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، تەنها لەبەر ئەوەی كورد بێ دەوڵەتە، ئیدی دەبێ ئەوان هەر تاوناتاوێك هاژەكی دوژمنكارانەی بەسەردا ببارێنن، خوێنی خەڵكی بێتاوان بڕێژن؟
‎ئاخر كامە بەرژەوەندی بەم شێوەیە مسۆگەر دەركرێت؟.
‎ئاقڵمەندان و هۆشمەندانی ئێرانی، لەم دۆخەدا زیاتر لەهەر كاتێكی دی لەبەردەم حوكمی مێژوودان و، دەبێ ڕێگە نەدەن تەنها لەبەر ئەوەی هێزی سەربازی كورد و ئەوان هاوسەنگ نییە، دژایەتی بكرێت و، وەك دوژمن مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. ئاخر كورد ئەگەر هیچی نەبێ، ئیڕادەی بەرز و هێزی گیانفیدای هەیە، ئەوەیە جیاوازیی نێوانمان، ئێوە درۆن و هاژەكی بالیستی، كوردیش ئیڕادەی بڵند و خۆڕاگریی و خۆنەچەماندن.