چیرۆکی رزگاربوونی کوردێک لە رووداوەکەی کەناڵی ئینگلیز

بەلەمە چووپەکە پڕ کرابوو لە کۆچبەر و، تا نیوەی کەناڵی ئینگلیز رێگەی بڕیبوو، یەکێک لە کۆچبەرەکان دوو ئێلەگی دیت كە سەر ئاو کەوتبوون، پاشان دیمەنەکە ناخهەژێن دەرکەوت. زانا هەمەوەندی بینیی هەردوو ئێڵەگەکە بە بەر دوو کۆچبەری خنکاوەوەن. ئەو دیمەنە شڵەژاندی. هێشتا ئەو دیمەنانە لەبەرچاوی زانا ماون، کارزان مەنگوڕیش کۆچبەرێكی دیکەیە و ئەویش دیمەنی ترسناکی زۆری بینیون، ناوبراو دەڵێ: “بەلەمەکە چواردەوری بە کۆچبەری خنکاو دەوروە درابوو، ئەو کات هەموو گیانم دەلەرزی.”

هەردوو کۆچبەرەکە بە تەلەفۆن و پەیوەندییەکانیان بوونەتە دوایین شایەتحاڵی رووداوی نوقمبوونی کەشتییەک لە کەناڵەکەدا و خنکانی ٢٧ کۆچبەر، ئەوەش کارەساتبارترین رووداو بوو لە دوای ساڵی ٢٠١٤وە. بە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی کەسوکاری قوربانیان، دەردەکەوێت بەرپرسانی ئینگڵاند و فەرەنسا زوو بە هاواری کۆچبەرانەوە نەچوون. مەنگوڕی دەڵێ زیاتر لە ١٠ تەلەفۆنمان کرد بۆ هاوکاری، کەس وەڵامی نەدایەوە، ئەوەش دەبێتەیەکەم شایەتی هاوکارینەکردنی کۆچبەران لەو ناوچە ئاوییەدا. هەردوو کۆچبەرەکە بەردەوام دەبن و دەڵێن بینیمان چەند کەسێك هاواری هاوکاری دەکەن. دواجار کەشتیی بەریتانی هاتن بۆ هاوکاری و فەرەنساش بەلەمی نارد. ئەو کارەساتە پێشانی دا کە وڵاتانی ئەورووپا دەستیان بە رێکاری توند کردووەتەوە بەرامبەر وەرنەگرتنی کۆچبەران. چالاکڤانان دەڵێن هەم بەریتانیا و هەم فەرەنسا ئامادە نین لەسەر ئەو پرسە هیچ گفتوگۆیەک بکەن و دۆخی ئەوانەی دەپەڕنەوە لەوپەڕی مەترسیدایە. بەلەمەکەی کەناڵی ئینگلیز زیاتر لە ١٠ سەعات لە ناو ئاو مایەوە. بزوێنەرەکەی تێک چووبوو. بەشێکی کۆچبەرانیش کەوتنە نێو ئاو و خنکان. بەپێی گێڕانەوەی ئەو شایەتحاڵانە بەلەمەکە لە ناوچە ئاویەکانی فەرەنسا بووە. ئەوان باس لەوە دەکەن چەندین جار پەیوەندییانکردووە و داوای هاوکارییان لە پۆلیس و پاسەوانی دەریایی کردووە، پۆلیسی فەرەنسا داوای لێ کردوون شوێنەکەیان بنێرن، بەڵام بەهۆی بوونی کۆد نەتوانراوە ئەوە بکرێت. پاشان بۆ ژمارەیەکی دیکە ١٠ تەلەفۆن کرا بەڵام بێ وەڵام، یەکێک لەو شایەتحاڵانە دەڵێ 10 جار گوتم تکایە وەڵام بدەنەوە هاوکاریمان بکەن، پاشان پاسەوانی دەریایی بەریتانیا سەعات 12:30 نیوەڕۆ گەیشتن و ئەوانیش لەلایەن ئینگلیزەکانەوە لە رووداوەکەدا ئاگادار کرابوونەوە. رۆژی ٢٤ـی مانگی رابردوو پاسەوانی دەریاییلە راگەیەنراوێكدا گوتی: “دەستیان کردووە بە ئۆپەراسیۆنی گەڕان بە کەشتی و هەلیکۆپتەر، بەڵام باسی بەدەستگەیشتنی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نەکرد لە کاتی رووداوەکەدا .
سێ بەلەمی بچووک لە شوێنی رووداوەکەدا دۆزرانەوە، گوتەبێژی پاسەوانی دەریایی بەریتانیا دەڵێ: “تەنیا ئەو سێ بەلەمە بوون و هیچ تەرم و بەلەمێکی دیکە نەدۆزرانەوە، لە فەرەنسا هەم دادگا و هەمیش بەرپرسانی ناوخۆیی لە باکووری وڵاتەکە ئامادە نین قسە لەسەر ئەو رووداوەبکەن، کە ئایا هیچ پەیوەندییەکیان بەدەست گەیشتووەیان نا، شایەتحاڵان دەڵێن ئامادەن لەسەر ئەو رووداوە شایەتی بدەن، ئەو دوو رزگاربووەی رووداوەیەکێکیان کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
بڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەرکی خۆی تەرمی قوربانییانی ئەو رووداوە بگەڕێنێتەوە و ناوەکانیشیان ئاشکرا دەکرێت. دوای زیاتر لە دوو هەفتەش لە رووداوەکە هێشتا پرسیاری زۆر ماون وەڵام بدرێنەوە، هێشتا ژمارەیەک کۆچبەر بێسەروشوێنن، لەوانەش توانا کە خەڵكی رانیەیە، ئەو خێزانەکەی هێشتا بەشوێنیدا دەگەڕێن و هیچ سۆراغێكی نییە.

ھەواڵی زیاتر