دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا خۆپیشاندان له‌ دژی هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر هه‌وڵیر ده‌ستی پێكرد

كه‌مێك پێش ئێستا (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ی 1ی 2024)، له‌ به‌شێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا خۆپیشاندان له‌ دژی هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌ سڤیلنشینه‌كانی شاری هه‌ولێری پایته‌‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی پێكرد.

تا دێت ناڕەزاییەتییەكان دژ بە هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر كە ژماره‌یه‌ك شەهید و برینداری لێ كەوتەوە زیاتر دەبێت و سنوورەكانی هەرێمی كوردستانیشی تێپەڕاند. ئەمڕۆ شەممە 20ی 1ی 2024 لە شاری (دۆسلدۆرف)ی ئەڵمانیا، كوردانی ئەو وڵاتە بۆ نارەزایەتی دەربڕین دژ بە هێرشە مووشەكییەكانی ئێران بۆ سەر هەولێر خۆپیشاندانێكی جەماوەریان ڕێكخستن و سەركۆنەی هێرشەكانی ئێرانیان كرد، كە بە هۆیەوە بازرگانێكی دیاری هەرێمی كوردستان بە ناوی ( پیشڕەو دزەیی) و كچێكی ته‌مه‌ن یه‌ك ساڵ و بازرگانێكی عێراقیش كە میوانی ( پیشڕەو دزەیی) بوو، شەهید بوون و هاوژینەكەی و دوو كوڕی تری بریندار بوون.

هاوكات كوردان له‌ شاری هانۆڤه‌ریش ده‌ستیان به‌ خۆپیشاندان له‌ دژی هێرشه‌كه‌ی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر كرد و بڕیاره‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا خۆپیشاندان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بكرێت.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ خۆپیشاندان له‌ 16 وڵاتی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌ بچێ و داوا له‌ كوردان ده‌كرێ به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ به‌شداریی له‌و خۆپیشاندانانه‌دا بكه‌ن.

پێشتر كۆنفیدراسیۆنی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی ئاگارییه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 20ی 1ی 2024، له‌ 16 وڵاتی ئه‌وروپا خۆپیشاندان له‌ دژی هێرشه‌كه‌ی ئێران به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

فیدراسیۆنه‌كه‌ هه‌روه‌ها بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو ناوه‌نده‌كانی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی و فیدراسیۆن و كۆمه‌ڵه‌ و ڕێكخراوه‌كانی سه‌ر به‌ كۆنفیدراسیۆنی ڕه‌وه‌ندی كوردستانی و هه‌موو كوردستانیانی نیشتمانپه‌روه‌ری تاراوگه‌ وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ ئاڵای پیرۆزی كوردستانه‌وه‌ به‌شداریی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ن ئه‌وه‌ش وه‌ك نیشاندانی ئه‌ركێكی كوردستانیانه‌ی هه‌موو كوردێكه‌.

شه‌وی 15-16ی ئه‌م مانگه‌، سوپای پاسدارانی ئێران، چه‌ند مووشه‌كێكی ئاراسته‌ی شاری هه‌ولێر كرد و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند هاووڵاتییه‌كی سڤیل شه‌هید و بریندار بوون.

ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی ئێران كاردانه‌وه‌ی لێ كه‌وته‌وه‌ و كوردان سه‌ركۆنه‌ی بۆردومانه‌كه‌ی ئێران ده‌كه‌ن و ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن.