پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

فیلمی ئەزموون، لە جەژنەفیلمە نێودەوڵەتیەکەی “قاهیرە”دا خەڵاتێكی بردەوە

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد “شەوكەت ئەمین كوركی” خەڵاتی “سندووقی جەماوەری ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان” UNFPA لە چلوسێیەمین خولی فێستیڤاڵیە نێودەوڵەتییەکەی فیلمی “قاهیرە” لە وڵاتی میسری بەدەست هێنا.

فیلمی سینەمایی “ئەزموون” The Exam چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماكاری كورد “شەوكەت ئەمین كوركی”، لە بەرهەمهێنانی “مەمەد ئەكتاش”، بەرهەمی هاوبەشی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی “پانۆڕامای نێودەوڵەتی” لە چلوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “قاهیرە” Cairo لە وڵاتی میسر، بە ناونیشانی كۆنترین وڵاتی عەرەبی بۆ پیشەی سینەما و گرینگترین فێستیڤاڵی ئەفریقیا و جیهانی عەرەب، نمایش كرا.
ئەم فیلمە لەو فێستیڤاڵەدا توانیی خەڵاتی “سندووقی جەماوەری ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان” UNFPA لەم خولەی فێستیڤاڵ بباتەوە.
خەڵاتی “سندووقی جەماوەری ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان” UNFPA، بە هۆی ڕۆڵی فیلمی سینەمایی “ئەزموون” لە “پەرەپێدانی وتووێژ سەبارەت بە مەسەلەكانی جەماوەری” لە لایەن “ژێرماین حەداد” جێگری نوێنەری سندووقی جەماوەری ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە میسر و “ئەمان عەبدولجەلیل” Eman Abdel Gelil بە “شەوكەت ئەمین كوركی” دەرهێنەری ئەم بەرهەمە سینەماییە لە هەرێمی كوردستان بەخشرا.