هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نامه‌ عاشقانه‌كانی نیما

خالید فاتیحی

نامه‌ی ‌شازده‌
ئازیزه‌كه‌م‌.

ئه‌مڕۆ، له‌ به‌یانییه‌وه‌ تا ئێستا هه‌ر نیگه‌رانم! نازانم بۆ! وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت تۆمه‌تبارێك تاهه‌تایه‌ به‌ند بكه‌ن. هه‌ست ده‌كه‌م چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له‌ ژیانمدا، لێم نزیكن. به‌بێ هۆ حه‌زده‌كه‌م بگریم. ره‌نگه‌ خه‌ونه‌ ئاڵۆزه‌كانی دوێشه‌و هۆكار بووبن. به‌هه‌رحاڵ ئه‌و شتانه له‌ دڵی شاعیردا رووده‌ده‌ن، كه‌ له‌ دڵی خه‌ڵكانی تردا رووناده‌ن.
شیعری «پنجی سیس» بخوێنه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی پێچه‌وانه‌ی با، نووشتایه‌وه‌.
پێمخۆشه‌ هاوڕێم بیت، نه‌ك كه‌سێك بیت ناوی ژن له خۆت بنێی و ناوی مێردیش له‌ من. من له‌ منداڵیمه‌وه له‌ وشه‌ی ژن و مێرد بێزار بووم. روون و ره‌وان: پێداویستی یان سروشت، باشتر وابوو خۆی له‌باره‌ی ئه‌و دوو وشه‌یه‌ به‌ دوور گرتبا. پێمگوتووی خۆشمده‌وێی، به‌مه‌رجێك كه‌.. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵم بیت، كارێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌ی و له‌ناو كچه‌كانی دیكه‌دا سه‌ربه‌رز ده‌بیت. ئه‌گه‌ر وانه‌بێ وریابه‌، مه‌لی كێوی له‌گه‌ڵ قه‌فه‌س رانایه‌ت.
ئه‌وه‌ چه‌نده‌مین نامه‌یه‌ ده‌ینووسم. یان به‌ گاڵته ‌وه‌ریده‌گری یان سه‌رپێی ده‌یخوێنیه‌وه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا، به‌خۆم ده‌ڵێم: ئه‌و داویه‌ته‌ ده‌ست سروشت، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ی مرۆڤ ئاوه‌زی هه‌یه‌ تا به‌سه‌ر سروشتدا زاڵبێ و تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌كرێ به‌ خواستی خۆی ده‌ریبێنێ. ‌
كاتێك نامه‌كه‌ی دیكه‌ ده‌خوێنیته‌وه‌ و دوای خوێندنه‌وه‌ی، ئیدی ئه‌و باڵنده‌یه‌ له‌ناو قه‌فه‌سدا نابینی و له‌ناو نائومێدی و په‌شیمانی و خه‌مدا، كه‌ له‌ناكاو ترپه‌كانی دڵتی تێكداوه‌، سه‌رت سوڕده‌مێنێ له‌كوێی ئه‌م قه‌فه‌سه‌وه‌ هه‌ڵفڕیوه‌.
باڵه‌كانی ئه‌و هه‌رگیز به‌ قسه‌كانی تۆ ناقرتێن. ئه‌و باڵانه‌ی تا قوڵایی ناخت پێیان فڕیوه‌، كۆڵی سه‌رشانت پڕه‌ له‌ خه‌یاڵ و عه‌شقی ئه‌و.

   نیما

9ی گه‌ڵاڕێزانی 1306
*نامه‌ عاشقانه‌كانی شاعیری ناوداری ئێران، نیما یوشیج (1897- 1959) كه‌ به‌ باوكی شیعری نوێی فارسی ده‌ناسرێ.