هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئاوات جەناب نوری: لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە ڕێککەوتووین

لە راگەیاندراوێکدا وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، ڕۆژی چوارشەممە 17/1/2024، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیی لە دکتۆر تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، وەزیری دارایی ڕایگەیاند: “بۆردومانەکان درێژکراوەی ئەو فشارە ئابووریی و سیاسیی و ئەمنیانەیە کە ماوەی چەند ساڵیکە خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەئامانج کردنی سەرمایەدارەکانیش بۆ لێدانە لە ئابووری هەرێمی کوردستان و ڕێگریکردن لە گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوە زیاتری هەرێمەکەمانە.”

وەزیری دارایی ئەوەشی خستە ڕوو: “لەدواین سەردانی شاندی حکوومەت بۆ بەغداد لەسەر ناوەرۆکی هەمواری یاسای بودجە گەیشتووینەتە ڕێککەوتن و چاوەڕێن لە نزیکترین کاتدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەموارەکە پەسەند بکات.”

ئاوات شێخ جەناب، هیواشی خواست لەپەرلەمانی عێراق بەبێ کێشە دەنگ لەسەر ڕێککەوتنی هەموارەکە بدرێ .

دەربارەی دۆسیەی نەوتیش وەزیری دارایی ڕایگەیاند: “لێکتێگەیشتنی باش لەسەر تێچوی دەرهێنانی نەوت لە نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوتی عێراق هاتووەتە ئاراوەو ئومێد دەکەن لەئایندەیەکی نزیکدا لەسەر دۆسیەی نەوت بەتەواوی بگەینە ڕێککەوتن.”

لە ڕاگەیاندراوەکە باسی ئەوەش کراوە لای خۆشیەوە بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاندووە: “هەست بەو فشار و کاریگەریانە دەکەن کەلەسەر ئابووری هەرێم و مووچە خۆران هەیە و هەوڵەکانمان چڕ دەکەنیەوە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەنە ڕێکەوتنیکی گشتگیر.”

ئاوات جەناب نوری ڕۆڵی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکای بەرز نرخاند لەپای هەوڵەکانیان بۆچارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕاشیگەیاند: “خەڵک و مووچەخۆری ئێمە لەوە زیاتر توانای بەرگەگرتنی فشاری سیاسی و ئابووری عێراقیان نەماوە.”