هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

نێچیرڤان بارزانی: خوازیارین سوود له‌ ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی ئیستۆنیا وه‌ربگرین

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مشه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئیستۆنیا هه‌بوو، باسمان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیستۆنیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد، وێڕای باسكردن له‌ ده‌رفه‌ته‌كانی هاریكاری هاوبه‌ش و گرنگی پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئالار كاريس سه‌رۆكى كۆمارى ئيستۆنيا رایگه‌یاند، له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و دۆخی مرۆیی له‌ غه‌ززه‌ و شه‌ڕ له‌ ئۆكرانیا بیروڕامان له‌گه‌ڵ كاريس ئاڵوگۆڕكرد.

بارزانی هه‌روه‌ها گوتی: “سوپاس و پێزانینمان بۆ گه‌ل و حكومه‌تی ئیستۆنیا دووپاتكرده‌وه‌، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش هاوكاری عێراق و هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌”.

ده‌شڵێت: “ئێستاش ئیستۆنیا هێزێكی سه‌ربازییان له‌هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌ركدان، راوێژ و یارمه‌تی پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، سوپاس و ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌ین”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، جگه‌ له‌ هاوبه‌شیمان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌مارگیری توندڕه‌وی، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان خوازیارین له‌ پسپۆری ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی ئیستۆنیا له‌ چه‌ند بوارێكدا سوود وه‌ربگرین، وه‌ك بواری ئای تی و حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی كه‌ ئه‌وان له‌م بواره‌دا پێشه‌نگن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چه‌ند جارێك شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئیستۆنیای كردووه‌.

ئەمڕۆ چوارشەمممە 17/1/2024، ئالار کارێس سەرۆکی ئیستۆنیا گەییشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لێکرا.