لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕومەنسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق باسی لەوە کرد کە ئامانج لە سەردانەکەی بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی و پشتیوانی خۆی و وڵاتەکەیەتی بۆ گەلی کوردستان بەهۆی بۆردمانە بێ پاساوەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، و ئەم کردەوەی بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق لەقەڵەمدان و ڕایگەیاند ئەم پەلامارانە هیچ بیانویەک هەڵناگرن و ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە ئەوانەی بوونەتە قوربانی خەڵکی سڤیلن و ئەو شوێنەی موشەکباران کراوە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی بووە.
سەرۆک بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ئەمەریکای کرد بۆ گەیاندنی هاوسۆزی و هاوخەمی گەل و حکومەتی ئەمەریکا، و رایگەیاند کە ئێمە هەمیشە خوازیاری هەبوونی پەیوەندی پتەو و دۆستانەی بەهێزی هەرێمی کوردستان و عێراقین لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری خاکی یەکتر و ڕێکەوتنی هاوبەش. هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پەلامارەکانی سوپای پاسداران بێ بنەمابوون و زوڵمێکی گەورە بوو لە هەموو گەلی کوردستان کرا و پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ئەم جۆرە پەلامارانە ئیڕادەی گەلی کوردستان ناشکێنن بەڵکو بەهێزتر و پتەوتری دەکەن. سەرۆک بارزانی هێمای بەوەشدا کە هەرگیز لەگەڵ ئاژاوە و توندوتیژی و ناسەقامگیری نین و خوازیاری پەیوەندی دۆستانە و بەهێزن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەڵام ناچینە ژێرباری سەپاندنی بڕیاری تاکلایەنانە و خۆسەپاندن، لەو پێناوەشدا دەستبەرداری بەها پیرۆزەکانی گەلەکەمان و دۆزە ڕەواکەی نابین لە ژێر هیچ پەلامار و فشارێکدا.
هەنگاوەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و هاتنی لیژنەی دەرخستنی ڕاستییەکان بۆ لێکوڵینەوە لە پەلاماری سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر تەوەرێکی دیکەی گفتووگۆکان بوون، سەرۆک بارزانی ستایشی ڕۆڵی محەممەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی کرد ،کە هەوڵی جددی داوە بۆ بەدواداچوون و گەیشتن بە ڕاستییەکان و ئەرکە دەستوورییەکانی سەرشانی جێبەجێکردووە بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە خەڵکی کوردستان کرا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا بیروڕا لە بارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکان ئاڵوگۆڕکران.